رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سوپاسالاری عێراق و شاندی باڵای یاوەری کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سوپاسالاری سوپای عێراق لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بووە "بۆ بەدواداچوونی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری."
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-06-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی سەربازیی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری سوپای عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "سوپاسالاری عێراق، کورتەیەکی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵە بۆ بەدواداچوونی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەتایبەتی نەهێشتن و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکان و بەئامانجگرتنیان."

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی "سوپاس و پێزانینی خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەدواداچوونی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و دڵنیاییدانی بۆ پاراستن ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دەربڕی، هەموو پشتیوانییەکی لەمبارەیەوە نیشان دا و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و ئاڵنگارییە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە."


