رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە هەولێر.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026 فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە هەولێر.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئامانجی سەردانەکە "تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشە."
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 11-06-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو سوپاسالاری عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە "بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە."
رۆژی 03-06-2026 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی نەوت، زیادکردنی بەرهەمهێنان، زیادکردنی هەناردەکردن و گەرەنتیی پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت بوو.
سەرچاوەیەکی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا کە سوپاسالاری عێراقیش ئامادەی بوو، یارەڵڵا ئامادەیی دەربڕی بۆ هەر هەنگاوێک کە پێویست بێت بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان."



