رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی کەرکووک رایدەگەیێنێت، زۆربەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگای کەرکووک پەیوەندییان بە خێرا لێخوڕینەوە هەیە، بۆیە داوا دەکات کامێرای تۆمارکردنی خێراییان بۆ دابین بکرێت.
رۆژی هەینی 12ـی ئایاری 2026، عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی هاتووچۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "90%ـی رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگای کەرکووک پەیوەندییان بە نەبوونی کامێرای تیژڕۆییەوە هەیە، چەندین ساڵە دوامان لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆ و پارێزگار کردووە بۆمان دابین بکرێت، چونکە کێشەیەکی گەورەیە و پەیوەستە بە سەلامەتی و گیانی خەڵکەوە."
بە گوتەی عەقید عامر نەریمان، لەم دواییانەدا بەڵێنیان پێدراوە کە لە بودجەی ئەم جارەدا لەپێشینە بدەنە هاتووچۆ و ئەو کامێرایانەیان بۆ دابین بکەن.
گوتەبێژی هاتووچۆی کەرکووک باسی لەوەکرد، رێگەی کەرکووک رێگەیەکی سەرەکییە، بۆ نموونە کاتێک شۆفێران لە هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو شارەکە دەچن، پێش گەیشتن بە سنووری کەرکووک پابەندی بەستنی پشتوێنی سەلامەتی، خێرایی دیاریکراو و بەکارنەهێنانی مۆبایل دەبن، بەڵام کاتێک دەگەنە سنووری ئەوان، "مۆبایل بەکاردەهێنن و خێراییان 180 بۆ 200 زیاد دەکەن، بۆیە دەبێت خێرایی دیاریکراو هەبێت و کامێرای تیژڕۆیی دابنرێت".
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 45 هەزار سەرپێچی تۆمار کراون. 850 رووداو لەلایەن شۆفێرانی نەخوێندەوار و 652 رووداویش لەلایەن شۆفێرانی خاوەن بڕوانامەی ناوەندییەوە روویانداوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پار لە عێراق حەوت هەزار و 103 رووداوی پێکدادان و سێ هەزار و 811 رووداوی شێلان تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە دوو هەزار و 351 کەس گیانیان لەدەستداوە.




