رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی چوار گوندی کوردستانی نێوان پارێزگای نەینەوا و هەرێمی کوردستان، کە هێڵی ئەمنیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەیە، ناتوانن گەنمەکانیان بگوازنەوە بۆ رادەستکردنی بە سایلۆکان.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: جووتیارانی چوار گوندی کوردستان کێشەی رادەستکردنی گەنمەکانیان هەیە، کە گوندەکانیان کەوتووەتە ئەو ناوچانەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدان.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، سوپای عێراق رێگەیان پێنادات گەنمەکانیان بگوازنەوە بۆ ناو سنووری پارێزگای نەینەوا، لە کاتێکدا ئەو گوندانە لە سنووری ئەو پارێزگایەن و دەبێت لەوێ رادەستى بکەن.
گوندەکانی وەردەک و گەزەکان کە دوو گوندی کاکەیین لە سنووری ناحیەی نەمروود، لەگەڵ هەردوو گوندی موفتیە و زەهرە خاتوون لە سنووری قەزای حەمدانییە کە دانیشتووانەکەی کوردی شەبەکن، کێشەی گواستنەوەی گەنمەکانیان هەیە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، بڕیارێک هەیە کە نابێت گەنم لەنێوان پارێزگاکاندا بگوازرێتەوە و ئەگەر چارەسەری کێشەی گەنمی ئەو جووتیارانە نەکرێت، ناچار دەبن لە هەرێمی کوردستان و لە بازاڕدا بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشنەوە.
لە 8ی حوزەیرانەوە رادەستکردنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستیپێکردووە و بەرهەمی 600 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پلانی کشتوکاڵیدایە کە لە جووتیاران وەردەگیرێت و هەر تۆنێکی بە 700 هەزار دینار دیاریکراوە.




