رووداو دیجیتاڵ
د. نەسیر شەمە، هونەرمەندی یونسکۆ بۆ ئاشتی، هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا دەربڕی و رایگەیاند، ئەو میدیاکارە "دەنگێکی راستگۆ بوو کە گوزارشتی لە ئومێد و خەونەکانی خەڵک دەکرد".
نەسیر شەمە لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا کە ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردوو و تۆڕی میدیایی رووداوی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز خەم و پەژارەیەکی زۆری لای ئەوان دروستکردووە، بەتایبەت کە هەڵکەوت عەزیز "دوای کاروانێکی میدیایی و مرۆیی کە شوێنەوارێکی قووڵی لە یادەوەری بینەران و دۆستانی جێهێشتووە".
ئەو هونەرمەندە نێودەوڵەتییە باسی لە کار و خزمەتەکانی ئەو رۆژنامەڤانە کردووە و دەڵێت: "ئەو بە قەڵەمەکەی خۆشەویستیی نیشتمان و مرۆڤایەتی هەڵگرتبوو، هەر بۆیە شایستەی ئەو پێگە بەرزەیە بوو کە لە یادەوەریی هونەری و رۆشنبیریی عێراقی و کوردیدا هەیەتی".
نەسیر شەمە لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هەڵکەوت عەزیز، ناوەندی راگەیاندن و رۆشنبیری و هەموو هەوادارانی کردووە و هیوای خواستووە خوای گەورە سەبووری و دڵنەوایی بە کەسوکاری ببەخشێت.
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا-بەسرە لە سنووری پارێزگای دیوانیە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)