رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 190 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە، بەڵام تەنیا سێیەکی پارەی جووتیاران خەرج کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزێرانی 2026، حیشمەت عەزیزان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، ئەم ساڵ 190 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە و رادەستی سایلۆ و ناوەندە تایبەتەکانی وەرگرتنی گەنم کراوە.
سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام گوتی، کۆی گشتیی گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی پارێزگاکە بایی 9 تریلیۆن تمەنە و تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ تریلیۆن تمەن کە دەکاتە سێیەکی پارەکە، خەرج کراوە.
حکومەتی ئێران بریاری داوە، ئەم ساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 49 هەزار و 500 تمەن (نزیکەی 28 سەنت) لە جووتیاران بکڕێ.
حکومەت، پار هەر کیلۆیەک گەنمی بە 20 هەزار و 500 تمەن ( ئەو کات دەیکردە نزیکەی 19 سەنت) و پێراریش بە 17 هەزار و 500 تمەن (ئەو کات دەیکردە 24.5 سەنت) لە جووتیاران کڕی.
ئەم ساڵ لە رووبەری 170 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ئیلام گەنم چێندرا کە 65 هەزار هێکتاری بەراو و 95 هەزار هێکتاری بە شێوەی دێمی بوو.
پێشبینی دەکرێت، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە پارێزگای ئیلام لەنێوان 380 هەزار تاوەکو 400 هەزار تۆن بێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە نێوان 280 هەزار تۆن تاوەکو 300 هەزار تۆنی لە لایەن حکومەتەوە بکڕدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام پێشتر رایگەیاندووە، بۆ ئەم ساڵ 42 سایلۆ و ناوەندی حکومی و کەرتی تایبەت، بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە تەرخان کراون.
.jpg&w=3840&q=75)


