رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنن، کە هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و تەنیا لە دەروازەی باشماخ گرفتێکی تەکنیکی کاتی دروستبووە و هاتووچۆ وەستاوە.
رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزیرانی 2026، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "هاتووچۆ لە دەروازەکەمان ئاساییە و هیچ کێشەیەک رووینەداوە."
هاوکات، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گوتی: "هاتووچۆ لە دەروازەکانمان ئاساییە و هیچ گرفتێک بۆ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی دروست نەبووە."
دەروازەی پەروێزخان کە دەکەوێتە نێوان کەلار و قەسری شیرین، لە ساڵی 2007ـەوە بە فەرمی کراوەتەوە.
لەبارەی دۆخی دەروازەی باشماخ، بەرپرسێکی دەروازەکە بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت هەندێک کێشەی تەکنیکی بۆ سیستمەکەمان دروستبووە، بەڵام تیمەکانمان خەریکی چارەسەرکردنین و بە زووترین کات هاتووچۆ دەستپێدەکاتەوە."
بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ لەبارەی دۆخی دەروازەی کێلێ بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هاتووچۆ لە دەروازەکەمان ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە، هەردوو هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری بەردەوامە."
دەروازەی کێلێ لە سنووری قەزای پشدەر (قەڵادزێ)یە و لە ساڵی 1991ـەوە بە شێوەیەکی نافەرمی کراوەتەوە. ئەم دەروازەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەکەوێتە سنووری سەردەشت و رۆژانە 150 بۆ 200 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکەن.
هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە کە بریتین لە: (حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان و شوشمێ). هەروەها سێ دەروازەی نافەرمیش هەن کە بریتین لە: (کێلێ، تەوێڵە و پشتە).
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)