رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەدوای ئاگربەستی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە هەشتی نیسانەوە هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 85 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر.
هەرچەندە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان بە مووشەک و درۆن هێرش دەکرێتە سەری. بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لە دوای ئاگربەستەوە هەرێمی کوردستان بە 86 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری؛ 21 یان لە مانگی پێنج بووە و شەشیان لە حەوت رۆژی ئەم مانگەدا بووە.
بەگوێرەی ئامارە کۆکراوەکانی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە 864 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر، لە ئەنجامدا 20 شەهید و 135 بریندار هەن.
کات و شوێنی هێرشەکانی ئەم مانگە:
- 2ـی حوزەیران، بە دوو مووشەک هێرش کرایەسەر بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر. بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت، تەنیا زیانی مادی هەبوو.
- کاژێر 05:00ـی ئەمڕۆ بەیانی 7ـی حوزەیران، دوو درۆن لە سنووری ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنە خوارەوە. بەرێوەبەری ناحیەکە بە رووداوی گوت، زیانی گیانی نەبووە.
- 7ـی حوزەیران، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە سنووری هەولێر. بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبەکە بە رووداوی گوت: "زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی زۆر هەن".
- 7ـی حوزەیران، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر. بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت: "درۆنەکە لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندرا و زیانی نەبوو".
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
- پارێزگای هەولێر: 588 هێرش
- پارێزگاکانی سلێمانی: 243 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 هێرش
شەهید و بریندار لە ئەنجامی هێرشەکان
ئەوانەی شەهید بوون، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دووانیان هاوژینی یەک بوون و لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ هەشتیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و یەکێکیشیان کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا بوو لە هەولێر.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و و بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.


.png&w=3840&q=75)