رووداو دیجیتاڵ ئاهەنگی نانی بەیانی لە وان بەڕێوچوو و شاندێکی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار بوو. پارێزگارانی دهۆک و هەولێر دەڵێن، ئامانجیان لە بەشداریکردنەکە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ تورکیا و باکووری کوردستان. ئاهەنگەکە ناوی (رۆژی جیهانیی نانی بەیانی)ـیە و ئەمڕۆ یەکشەممە 07-06-2026 لە شاری وانی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاهەنگەکە بانگهێشتکراون. لەنێویشیاندا ئومێد خۆشناو و عەلی تەتەر، پارێزگارانی هەولێر و دهۆک، هەروەها هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. دڵنیا رەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی ئاهەنگەکە ئاماژەی بەوە کرد، 'ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ژووی بازرگانی و پیشەسازیی وان هاتوون، بۆ ئەوەی بەشدار بن لە ئاهەنگەکە. "کوردستان لە ئەورووپا خۆشترە" عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ''یەکەم جارە لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی نانی بەیانیی واندا بەشدار دەبین." نانی بەیانیی وان زۆر بەناوبانگە و لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەمە، بۆیە بەردەوام ساڵانە ئەو ئاهەنگە بەڕێوەدەچێت. بەگوتەی پارێزگاری دهۆک، ئامانجی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەشداریکردن لە ئاهەنگەکەی وان، تەنیا نانی بەیانی نەبووە، ''بەڵکو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بوو.'' ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پشووەکان دەچنە دەرەوەی وڵات. عەلی تەتەر پێشنیاز دەکات، گەشتیاران لەبری چوون بۆ وڵاتانی دیکە، سەردانی باکووری کوردستان بکەن، ''چونکە ئەو ناوچەیە تەنانەت لە ئەورووپاش خۆشترە و تێیدا خەڵکی خۆمان کێشەی زمان و کولتووریان نابێ''. ''بەغدا ئاسانکار بێ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ باکووری کوردستان'' هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت قسەی بۆ دڵنیا رەحمان کرد و گوتی: ''یەکەم جارە بە مەبەستی بە یەکدی بەستنەوەی پارێزگای هەولێر و وان بە دەروازەکەدا تێدەپەڕین. بە ئۆتۆمبێلی خۆمان بەوێدا هاتین کە لە دوو ساڵی رابردوودا کراوەتەوە.'' دەروازە سنوورییەکە دەکەوێتە سنووری نێوان قەزای مێرگەسۆری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان. ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکە ئاسانکاریی زۆری بۆ هاتووچۆی دانیشتووانی سەر سنوور کردووە. بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ''ناوچەکە بە شێوەیەکە، ماڵی هاونیشتمانییەک لە ئەمبەری سنوورە و ماڵی برایەکەی کەوتووەتە ئەوبەری سنوور. رەنگە پێشتر هاتووچۆیان بە دەروازەکانی دیکەدا زیاتر لە 17 کاژێر پێویست بووبێت، بەڵام ئێستا بووەتە کاژێرێک.'' ئومێد خۆشناو سەبارەت بە ئامانجی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردنیان لە ئاهەنگەکەی وان گوتی: ''ئامانجمان بەهێزترکردنی پەیوەندییە کولتووری، نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە، چونکە هەردوولا یەک گەلن.'' وەک پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ''هەروەها بازرگانانی ئێمە لێرە (وان) موڵکیان هەیە. ئەوانە هەموو بە واتای ئەوە دێن کە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری تورکیا بەرەو پێشەوە ببەین و جووڵەی بازرگانیش زیاد بکەین.'' بەگوتەی ئومید خۆشناو، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان ئاسانکاری دەکات لەنێوان هەردوو لا، بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی؛ ''ئێمە داوکارین حکومەتی عێراق ئاسانکار بێت بۆ ئەوەی لە هەردوو دەروازەی سنووریی زێت و سەرزێڕەوە، جووڵەی بازرگانیش هەبێت.'' 46 بەرپرسی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگەکەی واندا بەشدارن بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، 21 بەرپرس لە هەولێر، 13 لە دهۆک و 12 بەرپرسیش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە لە شاندەکەی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نانی بەیانیی وان بەشدارن. ئاهەنگەکەی وان بۆ ناساندنی نانی بەیانیی بەنێوبانگی وانە کە ساڵی 2014 بە بەشداریی 51,793 کەس، ژمارەی پێوانەیی جیهانیی لە ئەمریکا وەرگرت و چووە نێو کتێبی گینسەوە. نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان بە رووداوی راگەیاند، نانی بەیانیی وان خاوەن مێژوویەکی هەزار ساڵەیە و ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یوونسکۆ هەوڵدەدەن ئەو بەها کولتوورییە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزن. نانی بەیانیی وان بە زیاتر لە 20 جۆر خواردنی خۆماڵی و کوردی ناسراوە. سەرەکیترین بەرهەمەکانی بریتین لە: پەنیر بە گیا، هەنگوین، قەیماخ، جاجکی وان و نانی تەندوور. ئەم دەوڵەمەندییە لە خواردندا بووەتە هۆی ئەوەی وان لە کەرتی گەشتیاری و کولتووریدا پێگەیەکی بەهێز لە ناوچەکەدا بەدەستبهێنێت.
کوردستان07-06-2026پارێزگاری کەرکووک دەڵێ، ئامانجیانە لە هەر خولێک ساڵ و نیوێک پۆستی پارێزگار بۆ ئەوان بێت
کوردستان07-06-2026لە هەولێر بە بەشداریی 500 قوتابی یەکێک لە گەورەترین کۆنسێرتە میوزیکییەکان بەڕێوەچوو