رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر راگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دوای زیاتر لە 5 ساڵ، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر گەیشتە 1075 دینار. هۆکارەکەشی بۆ کەمیی بەنزین لە سەرتاسەری عێراق گەڕاندەوە.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، سالار محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"دوای ماوەیەکی زۆر نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە 1075 دینار، لە کاتێکدا پێشتر نرخەکەی لە نێوان 900 بۆ 950 دینار بووە، زیاتر لە پێنج ساڵە بەنزینی نۆرماڵ نەگیشتووەتە ئەم نرخە".
لەبارەی نرخەکانی دیکە سالار محەممەد گوتی: "ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی سووپەر گەیشتووەتە 1500 دینار و موحەسەنیش بە 1400 دینار دەفرۆشرێت، ئەوانیش لە رۆژانی داهاتوو زیاتر بەرز دەبنەوە".
بە گوتەی سالار محەممەد، هۆکاری ئەو گرانبوونە لەم یەک دوو رۆژەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەنزین لە هەموو پارێزگاکانی عێراق کەم بووە، ئەوەش وای کردووە بازرگانەکان بەنزینی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی گرانتر بکڕنەوە و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بیفرۆشنەوە.
گوتیشی: "چەند رۆژێک پێش ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە بەنزین لە بازاڕدا کەم بووە و ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی."
لەلایەکی دیکەوە، لە پارێزگای سلێمانی هێشتا نرخەکان جێگیرن، بەڵام پێشبینی گرانبوون دەکرێت. بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە روداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمرۆ نرخەکان لە سلێمانی وەک خۆیانن، بەڵام لەم یەک دوو رۆژەدا لێرەش نرخەکان بەرزدەبنەوە.
بەهمەن شێخ قادر ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە سلێمانی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 950 دینارە، سووپەر بە 1250 دینار و موحەسەنیش بە 1150 دینار دەفرۆشرێت.
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە رووداوی گوت:" لای ئێمەش نرخەکان بەرزبوونەتەوە؛ بەنزینی نۆرماڵ بە 1050 دینارە، سووپەر لە نێوان 1400 بۆ 1450 دینارە و موحەسەن بە 1300 دینارە؛ لە کاتێکدا پێشتر نۆرماڵ بە 950 دینار بوو".
قایمقامی دهۆک هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ کەمبوونی بەرهەمی هەردوو کارگەی لاناز و کار دەگەڕێنێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)