روداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر کەم کردووەتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی زۆری دەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی بەغدا بکەن.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزیرانی 2026، بێگەرد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند، "عێراق نەک تەنیا بۆ هەرێم، بەڵکو بۆ سەرتاسەری وڵات بڕی وەرگرتنی گەنمی کەم کردووەتەوە و ئەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستانیش دانراوە زۆر کەمە؛ کە 292 هەزار تۆن لە ناو پلان و 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان دیاری کراوە."
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ، لە ماوەی پڕۆسەکدا وەزارەتەکەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە. گوتیشی:"نامەی فەرمیمان بۆ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ناردووە، بەڵام بیانووی عێراق ئەوەیە کە کێشەی پارەیان هەیە بۆ کڕینی گەنم".
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: "بڕیار وایە ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین تاوەکو پێش کردنەوەی دەرگای سایلۆکان هەوڵی تەواوی خۆمان بدەین."
وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوەکرد، کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش پێشتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ئەم بابەتەی باس کردووە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت خۆیان بچن و هەموو بەڵگە و روونکردنەوەیەکی تەواو بخەنە بەردەستیان. گوتیشی، "هیچ گرفتێکی فەنی لە ئارادا نییە و کێشەکە بۆ شێوازی بڕیاردانی عێراق دەگەڕێتەوە کە ئێمە پێی رازی نین."
بێگەرد تاڵەبانی هۆکاری دروستبوونی کێشەکە بۆ یاسای بودجە دەگەڕێتەوە کە بڕە پارەیەکی دیاریکراو لە یاسای بودجە بۆ کڕینەوەی گەنم تەرخان کراوە و رەچاوی جیاوازیی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ناکات. داوای لە فراکسیۆنە کوردییەکان دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ناو یاسای بودجەی عێراقدا.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلان دادەنرێ تۆنی بە 700 هەزار دینار و زیاتر لە 100 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگرێ.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت تۆنی بە 800 هەزار دینار.


