رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ناتوانن بەبێ یەکدی حکومەت پێکبهێنن و حوکمڕانی بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بۆ ئەوان ژمارەی کورسیی پەرلەمان گرنگ نییە، بەڵکو پێکهێنانی حکومەت گرنگە.
قوباد تاڵەبانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی دێڵفی گوتی، لە سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی، لەوێش پرسیاری ئەوەیان لێکراوە "بۆچی حکومەت پێکناهێنن؟".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش کرد: "شەرم دەکەم لێرەم و دوای زیاتر لە ساڵێک، لەنێوان دوو حیزب نەمانتوانیوە حکومەت پێکیبهێنین." هەروەها هۆشداریدا لەوەی کە: "خەریکە پێکنەهێنانی حکومەت، کاریگەری لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبەکەی و هەنگاوەکانی داهاتوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "سیاسەتی یەکێتی ئەوەیە کە بەزووترین کات کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت" و جەختی کردەوە کە "دەمانەوێ پێکەوە حکومەت پێکبهێنین."
ئاماژەی بەوەش کرد: "ژمارەی کورسی پەرلەمان گرنگ نییە، پێکهێنانی حکومەت گرنگە،" و پێی وایە دەبێت "لەسەر دابەشکردنی بەرپرسیاریەتی حکومەت پێکدەهێنین."
لەبارەی دانوستاندنەکانیشەوە ئاشکرای کرد: "زۆر قۆناخمان لەگەڵ پارتی بڕیوە و گفتوگۆی باشمان کردووە؛ چەندین جار گوتوومانە کە یەکێتی ئامادەیە دابنیشێت."
نوێ دەکرێتەوە..

