رووداو دیجیتاڵ
شەوی پێنجشەممە، 4-6-2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر لەگەڵ ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئهرمان تۆپچو، کۆنسووڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.
نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، پرسی پێکهێنانی حکومەت، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، دۆخی کەرکووک و پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا تاوتوێ کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە شوێنی کۆبوونەوەکە نەدراوە.
بەڵام هاتووە کە پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەبەر باس و بافڵ تاڵەبانی دیدگای یەکێتی خستەڕوو و گوتی، "پێویستە حکومەتی داهاتوو هاوسەنگی و شەراکەتی تێدا پارێزراو بێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بەپێی نووسینگەکە، بافڵ تاڵەبانی جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە و رایگەیاند، "باشبوونی پەیوەندییەکان رەنگدانەوەی لەسەر دۆخ و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان هەبووە و دەمانەوێت ئەوە بەردەوام بێت".
پەیوەست بە دۆخی کەرکووک، باس لەوە کراوە کە باڵیۆزی تورکیا ستایشی رۆڵی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی کردووە "لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان و رێککەوتنە سیاسییەکانیشی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد بۆ زیاتر خزمەتکردنی شارەکە و قووڵکردنەوەی برایەتی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکووک".
"لە کۆبوونەوەکەدا پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان لە نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش جەختی لەسەر کرایەوە"، نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی وا دەڵێت.


.jpg&w=3840&q=75)
