رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو کورسیانە دەکەن لە هەڵبژاردندا بەدەستیان هێناوە و رەتیدەکاتەوە جارێکی دیکە بە رێککەوتنی "50 بە 50" رازی بن.
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات ئاماژەی بەوە کرد :"چەقبەستوویی سیاسیی نێوان لایەنەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، زیانی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، دەبێت دانوستاندنەکان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن بێت."
گەیلانی رەتیدەکاتەوە حیزبەکەی رازی بێ بە پێدانی نیوەی پۆستەکانی حکومەت بە یەکێتی و دەڵێت: "گفتوگۆی ئێمە لەگەڵ برادەرانی یەکێتی بووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش 23 کورسییان هێناوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت وەکو خاوەنی 39 کورسی ( یەکێتی و نەوەی نوێ) دانوستاندن ناکەین،ئەوان ئازادن لە هاوپەیمانێتی دروستکردن، بەڵام ئێمەش مافی خۆمان هەیە وەکو براوەی یەکەمی هەڵبژاردن و ناکەوینە ژێر هیچ گوشارێکەوە ".
سەبارەت بە رێککەوتنی "50 بە 50" کە لە کابینەکانی پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرا، هیوا گەیلانی پێیوایە ئەو قۆناخە کۆتایی هاتووە و دووبارە نابێتەوە، ئەو دەڵێت: "ئێمە بە 50 بە 50 رازی نین لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەزموونێک بوو، پێموایە دووبارەکردنەوەی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە."
بەرپرسەکەی پارتی باسی 'نەرمی نواندن'ـی حیزبەکەی دەکات و دەڵێت:' زۆرجار پارتی لە مافەکانی خۆی خۆش بووە، بەڵام ئەمجارە پێداگری لەسەر مافە دەستووری و یاساییەکانی خۆی دەکات وەکو براوەی یەکەمی هەڵبژاردن."
گەیلانی هیوا دەخوازێت یەکێتی "نەرمتر بێت لە گفتوگۆکانیدا" و ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن هەبێت، چونکە بە گوتەی ئەو: "پێویستە هەموو لایەنەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژوویی، ویژدانی و نیشتمانیدا بن."
سەرەڕای هەوڵ و دەستپێشخەرییەکان، نزیکەی چوار مانگە پارتی و یەکێتی هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە، هەروەها 550 رۆژیشە پەرلەمانی کوردستان ناکارایە و سەرەڕای هەڵبژاردن و دەنگدانی خەڵک، هەردوو حیزب نەیانتوانیوە ئەو دامەزراوە یاساییە کارا بکەنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

