رووداو دیجیتاڵ سورەیا کچێکی سنەییە، بەکالۆریۆسی لە ژمێریاری هەیە، بەڵام ئێستا لە شیرنەمەنییەک کار دەکات؛ ئەو بۆ مانگێک کارکردنی سەخت و تاقەتپڕووکێن، تەنیا 9 ملیۆن تمەن (نزیکەی 52 دۆلار) وەردەگرێت. چیرۆکی سورەیا تەنیا چیرۆکی کچێک نییە، بەڵکو نموونەیەکە لە دۆخی ژنانی کرێکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. ماڵپەڕی (ئیلنا)ی فەرمیی ئێران کە بایەخ بە هەواڵی کرێکاران دەدات، لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر ژیانی "سورەیا" وەک نموونەیەکی زەقی ناوچە پەراوێزخراوەکان. راپۆرتەکە دەڵێت، خاوەنکارەکان قەیرانی بێکارییان قۆستووەتەوە بۆ چەوسانەوەی دووقاتی ژنان و پێدانی کەمترین مووچە لە بەرامبەر زۆرترین کاژێری کارکردن. "بەکالۆریۆسەکەم نەبووە فریادرەسم" سورەیا بە دەنگێکی پڕ لە ماندوێتییەوە دەڵێت: "من بەکالۆریۆسی ژمێریاریم هەیە، بەڵام لە سنە دۆخەکە بە جۆرێکە هەرکێ بزانێت ناچاریت، کەمترین مووچەت پێ دەدات." ئەو دەڵێت، دوای دوو مانگ گەڕان، لە شیرینیەمەنییەک لە نزیک شەقامی فیردەوسی کارێکی دەستکەوتووە، بەڵام مەرجەکان لەوە زۆر قورستر بوون کە لە ئاگادارییەکەدا نووسرابوون. ئەو کچە گەنجە باس لەوە دەکات، لە رۆژی یەکەمدا تەنیا بۆ "سیما و رووخسار" وێنەیان گرتووە وەک مەرجێکی دامەزراندن، دواتریش گرێبەستێکیان پێ واژۆ کردووە، هەرگیز کۆپییەکیان نەداوەتێ و تەنیا وەک فێڵێکی یاسایی بەکاریان هێناوە. بەگوتەی سورەیا، مووچەکەیان بەپێی کاژێری کارکردن بۆ بڕدراوەتەوە؛ هەر کاژێرێک تەنیا 32 هەزار تمەن (کەمتر لە یەک دۆلار). ئەو دەڵێت: "مووچەی بنەڕەتیمان 6 ملیۆن تمەن (35 دۆلار) بوو، بە زیادەکاریشەوە دەگەیشتە 9 ملیۆن تمەن (52 دۆلار). زیادەکارییەکەش بە ویستی خۆمان نەبوو، بەڵکو زۆرەملێ بوو." سورەیا ئاماژە بەوە دەکات، لە رۆژانی جەژن و مانگی رەمەزاندا، مافی یەک رۆژ مۆڵەتیشیان نەبووە و خاوەنکارەکەش لە وەڵامی هەر ناڕەزایەتییەکدا گوتوویەتی: "کەس ناچاری نەکردوون لێرە کار بکەن، ئەگەر ناڕازین بڕۆن." "شکۆمان هەڕاج دەکەین بۆ مانەوە لە ژیان" دوای نەورۆزی ئەمساڵ، مووچەی کاژێرێکی سورەیا بۆ 46 هەزار تمەن بەرزکراوەتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا پشووەکانی لێ زەوت کراوە. ئەو دەڵێت: "ئێستا دەبێت 12 تاوەکو 13 کاژێر بەردەوام لەسەر پێ بوەستین، بۆ نانی نیوەڕۆ تەنیا 10 خولەکمان هەیە و مافی دانیشتنمان نییە." سورەیا بە دڵتەنگییەوە دەڵێت، کاتێک شیرنەمەنییەکەش داخراوە، خاوەنکارەکە وەک کرێکاری پاککەرەوە بەکاری هێناون بۆ شووشتنی دیوارەکان و دەڵێت: "ئێمە نەک تەنیا توانای کاریمان، بەڵکو کەسایەتی و شکۆمان هەڕاج دەکەین تاوەکو تەنیا بتوانین لە ژیاندا بمێنینەوە؛ بەڵام نازانم ژیان بە چ نرخێک؟" بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان، دۆخی ژنانی کرێکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوونی چاودێریی حکومەت و قەیرانی دارایی، ساڵ بە ساڵ بەرەو خراپتر دەچێت و زۆربەیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
کوردستان04-06-2026سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی تورکیا جەخت لە گرنگی بەردەوامی هاوئاهەنگی دەکەنەوە