رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی رایدەگەیێنێت، پارتی و یەکێتی هەردوولا خوازیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتن، بەڵام ناکۆکییان لەسەر "میکانیزمەکە" هەیە. دەشڵێت: "هەوڵێک هەیە بۆ ناشرینکردنی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو، بەڵام پڕۆژەکەمان کاریگەریی هەبووە."
محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر پەیام و وەڵامی پارتی و یەکێتی بۆ دەستپێشخەرییەکەی حیزبەکەیان و رایگەیاند: "گرفتەکە لە میکانیزم و شێوازی تێپەڕاندنی دۆخەکەدایە؛ ئەو دوو لایەنە دوو تێڕوانینی جیاوازیان هەیە."
بە گوتەی محەممەد هاودیانی، لایەنێکیان (بەبێ ناوهێنانی لایەنەکە) دەیەوێت سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دواتر دانوستاندن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەستپێبکات، بەڵام لایەنەکەی دیکە پێداگری دەکات کە دەبێت کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت "بە یەک پاکێج" گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و دوای رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، ئینجا پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو هۆشداریی تووندی دا لەبارەی ئایندەی ناوچەکە و گوتی: "بەبێ دوودڵی هەڕەشەی مان و نەمان لەسەر هەرێمی کوردستانە؛ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر ئایندەمان دەبێت، بۆیە پێویستە ئەم چەقبەستووییە ناوخۆییە بشکێندرێت."
محەممەد هاودیانی ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو کە بیرۆکەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی حیزبەکە بووە، لە سێ خاڵی سەرەکی پێکهاتووە، ئەوانیش راگرتنی شەڕی راگەیاندنی نێوان لایەنەکان، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنی گفتوگۆی جدی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان.
لەبارەی کاردانەوەکان، هاودیانی گوتی: "هەندێک لە رکابەرە سیاسییەکان هەوڵی ناشرینکردنی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو دەدەن، بەڵام پڕۆژەکەمان دەرگای بۆ گفتوگۆ کردووەتەوە." هاودیانی گەشبینن بەوەی بەمنزیکانە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی دەستپێبکەن و بگەنە چارەسەرێکی گونجاو.
پێشتر سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆکردنەوەی پارتی و یەکێتی پێشکێش کرد و هەردوولاش بە فەرمی پێشوازییان لێکرد.


