رووداو دیجیتاڵ
هەڵەیەکی بانکی، دانیشتوویەکی شاری وانی لە باکووری کوردستانی بۆ ماوەیەکی کورت کردە یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان. نزیکەی 21.8 ملیار دۆلار (ترلیۆنێک لیرە) خرایە سەر هەژماری بانکیی ئەو گەنجە و بەهۆیەوە هەموو هەژمارەکانی بلۆک کران.
ئەحمەد جیهانگرد تاکالۆ، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵە و بە رەچەڵەک ئازەربایجانییە، ماوەی 10 ساڵە لە شاری وان نیشتەجێیە. ئەو کاتێک چوو بۆ سوپەرمارکێتێک بۆ کڕینی پێداویستی، کارتی بانکەکەی کاری نەکرد، دوای سەردانیکردنی بانک تووشی شۆک بوو.
کاتێک ئەحمەد داوای روونکردنەوەی لە بانک کرد، دەرکەوت لە باڵانسی هەژمارەکەیدا، 999 ملیار و 999 ملیۆن و 999 هەزار و 999 لیرە و 99 قوروش (واتا تەنیا یەک قوروش کەمتر لە ترلیۆنێک لیرە) هەیە، کە دەکاتە نزیکەی 21.8 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
ئەو گەنجە بە میدیاکانی تورکیای راگەیاند، هیچ زانیارییەکی نییە ئەو پارە زەبەلاحە چۆن و لە کێوە بۆی هاتووە، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخە نائاساییەوە، بانک هەموو هەژمارەکانی سڕ کردووە و ماوەی مانگێکە ناتوانێت دەستی بە هیچ بڕە پارەیەک رابگات.
تاکالۆ دەڵێت: "داوای زانیاریی فەرمیم لە بانک کردووە، بەڵام دەڵێن لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و یاسایی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی وردیان پێنەداوم."
ئەو بڕە پارەیەی بە هەڵە چووەتە سەر هەژماری ئەو گەنجەی شاری وان، ئەگەر راستی بووایە، ئەوا تاکالۆ بە شێوەیەکی تیۆری دەبووە 116ـەمین دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و پێش زۆر لە ملیاردێرە ناسراوەکانی دونیا دەکەوت. ئێستا پۆلیسی وان و لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو "هەڵە ترلیۆنییە"ـی بانک.


.jpeg&w=3840&q=75)
