رووداو دیجیتاڵ
عەبدولحەمید داود، بەڕێوەبەری لقی دامەزراوەی گشتی دانەوێلەی سووریا لە پارێزگای حەسەکە، رایگەیاند کە پلانیان هەیە ئەمساڵ تاوەکو یەک ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی جەزیرە بکڕن و جەختی کردەوە کە تەواوی بەرهەمی جووتیاران وەردەگیرێت.
عەبدولحەمید داود لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە پێشکێشکار نالین حەسەن کردوویەتی، ئاماژەی بەوە کرد، کە بەهۆی بارانی زۆر و دواکەوتنی دروێنە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم کە بڕیار بوو 1ـی حوزەیران دەست پێ بکات، بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە. داود گوتی: "20 سەنتەرمان لە سەرانسەری پارێزگای حەسەکە بەتەواوی ئامادە کردووە و پێشبینی دەکەین ئەمساڵ لە ناوچەکەدا تاوەکو یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بهێنرێت."
سەبارەت بە نرخ و شێوازی پێدانی پارە، داود رایگەیاند کە نرخی هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک بە 5 ملیۆن و 500 هەزار لیرەی سووری دیاری کراوە. جووتیاران لە کاتێکی نزیکدا دوای رادەستکردنی گەنمەکە، پارەکانیان لە بانکەکانی حەسەکە، قامیشلۆ و دێرک وەردەگرن. هەروەها پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی ئامادە کراوە تاوەکو جووتیاران بە ئاسانی نۆرەی خۆیان تۆمار بکەن و لە هەمان رۆژدا گەنمەکەیان رادەست بکەن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بڕیار بوو سەنتەرەکانی وەرگرتنی گەنم لە 1ی حوزەیران دەستبەکار بن، ئایا دەستیان پێ کردووە؟ ئەگەر دەستیان پێ کردووە، لە رۆژی یەکەمدا چەند گەنم وەرگیراوە؟
عەبدولحەمید داود: لە راستیدا لە رۆژی یەکەمدا هیچ گەنمێکمان وەرنەگرت، چونکە دروێنەی گەنم دواکەوت. ئەمساڵ باران زۆر بوو و خێر و بێر زۆر بوو، هەر بۆیە دروێنە دواکەوت.
رووداو: وەرگرتنی جۆ دەستی پێ کردووە؟
عەبدولحەمید داود: دامەزراوەی ئێمە جۆ وەرناگرێت، بەڵام دامەزراوەیەکی دیکە وەریدەگرێت و ئەوان دەستیان پێ کردووە.
رووداو: بەپێی پێشبینییەکانی ئێوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم کەی دەست پێ دەکات؟
عەبدولحەمید داود: ئێمە و سەنتەرەکانمان ئامادەین، بڕوام وایە هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەکات. بەپێی کاتی دروێنە، ئێمە ئامادەین.
رووداو: چەند سەنتەرتان بۆ وەرگرتنی گەنم ئامادە کردووە؟
عەبدولحەمید داود: 20 سەنتەرمان ئامادە کردووە و لەوێ گەنم وەردەگرین. هەموویان بەتەواوی و بێ کەموکوڕی ئامادەن و لە سەرانسەری سنووری پارێزگای حەسەکە دابەش بوون.
رووداو: دەتوانن چەند گەنم لە جووتیاران وەربگرن؟ ئەو بڕەی دیاریتان کردووە چەندە؟
عەبدولحەمید داود: لە راستیدا ئەژمارمان کردووە، کە لە نێوان 800 هەزار تاوەکو یەک ملیۆن تۆن گەنم وەربگرین.
رووداو: لەم 20 سەنتەرەدا دەتوانن تاوەکو یەک ملیۆن تۆن گەنم کۆگا بکەن و بکڕن؟
عەبدولحەمید داود: لەوانەیە هەندێک ئاستەنگ هەبێت، چونکە هەندێک سەنتەر رەنگە بەتەواوی چۆڵ نەبن، بەڵام ئێمە گەنمەکە بۆ پارێزگاکانی ناوخۆی سووریا دەگوازینەوە و شوێن بۆ گەنمی جووتیاران دابین دەکەین.
رووداو: واتە هاوکات لەگەڵ وەرگرتن و کڕین، بەردەوام دەبن لە ناردنی گەنم بۆ پارێزگاکانی دیکە تاوەکو شوێن لە سەنتەرەکانتان چۆڵ بێت؟
عەبدولحەمید داود: بەڵێ، ئەو گەنمەی کۆی دەکەینەوە دەینێرین، ئێستاش لە ناردنی بەردەوامین تاوەکو دڵنیابین هەموو بەرهەمی جووتیاران وەردەگرین.
رووداو: مەبەستت ئەو گەنمەیە کە ساڵی رابردوو وەک یەدەگ لە سەنتەر و سایلۆکاندا مابووەوە؟
عەبدولحەمید داود: بەڵێ، گەنمە یەدەگەکە دەنێرین. نزیکەی 400 تا 500 هەزار تۆن گەنمی یەدەگمان هەبوو.
رووداو: بەهۆی بارانی زۆرەوە، پێشبینی وەرزێکی باش دەکەن. ئەمساڵ بە گشتی چەند تۆن گەنم لە هەرێمی جەزیرە بەرهەم دێت؟
عەبدولحەمید داود: بەپێی ئەژمارەکانی ئێمە، رەنگە بەرهەمەکە بگاتە یەک ملیۆن و 100 هەزار یان یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن.
رووداو: پێویستیی ساڵانەی هەرێمی جەزیرە بۆ گەنم چەندە و چەندی لێ زیاد دەمێنێتەوە؟
عەبدولحەمید داود: ئەگەر لە جەزیرە بمێنێتەوە، بەشی 2 ساڵ دەکات، چونکە پێویستی ناوچەی جەزیرە لە نێوان 350 بۆ 400 هەزار تۆندایە.
رووداو: ئامادەکارییەکانتان بۆ وەرگرتنی گەنم چییە و چ پەیامێکتان بۆ جووتیاران هەیە؟
عەبدولحەمید داود: هەموو سەنتەرەکانمان ئامادە کردووە. جووتیار دەتوانێت لە سەنتەری مەبەست نۆرەی خۆی تۆمار بکات. لە رێگەی ئەم پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەوە، دەتوانێت لە هەمان رۆژدا ناو بنووسێت، نۆرە بگرێت و گەنمەکەی رادەست بکات تاوەکو تووشی زەحمەتی نەبێت و لە رۆژێکدا کارەکەی تەواو بکات.
رووداو: مەرجەکانتان بۆ کوالێتی گەنم چییە؟
عەبدولحەمید داود: وەزارەتی کشتوکاڵ پێوەرەکانمان بۆ دەنێرێت و بەپێی ئەوان پلەکان دیاری دەکەین (پلەی یەک، دوو، سێ و چوار). ئەگەر گەنمەکە بەپێی پێوەرەکان نەبوو، رەت دەکرێتەوە.
رووداو: نرخەکان چۆنن؟
عەبدولحەمید داود: حکومەت نرخەکەی دیاری کردووە. بۆ پلە یەک 5 ملیۆن و 500 هەزار لیرەی سوورییە، پلەکانی دیکە هەرزانتر دەبن.
رووداو: جووتیاران کەی پارەکانیان وەردەگرن؟
عەبدولحەمید داود: ئەمە پرسێکی زۆر گرنگە، زۆر بە زوویی دوای فرۆشتنی گەنمەکە پارەکانیان وەردەگرن. سێ بانک لە حەسەکە، قامیشلۆ و دێرک بۆ ئەم مەبەستە دیاری کراون.
رووداو: پەیامتان بۆ ئەو جووتیارانە چییە کە دوودڵن لەوەی گەنمەکەیان بدەنە حکومەت؟
عەبدولحەمید داود: هیوادارین هەمووان گەنمەکەیان بهێننە سەنتەرەکانی دەوڵەت. دڵنیایان دەکەینەوە کە هیچ ئاستەنگێک دروست نابێت و دەوڵەت بە زووترین کات پارەکەیان دەداتێ.
رووداو: ئەگەر بڕی گەنمەکە لە توانای ئێوە زیاتر بوو، ئایا هەر دەیکڕن؟
عەبدولحەمید داود تا ئەو کاتەی گەنم هەبێت ئێمە وەریدەگرین. تەواوی گەنمی بەردەست دەکڕین.
رووداو: بێجگە لە حکومەت، لایەنێکی دیکە هەیە گەنم بکڕێت؟
عەبدولحەمید داود: نەخێر، تەنیا سەنتەرەکانی حکومەت دەتوانن بیکڕن. تەنانەت کڕینی گەنم لەلایەن بازرگانانیشەوە قەدەغەیە.

.jpeg&w=3840&q=75)
