رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیێندراوێکدا رەخنە لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەگرێت و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە "بێلایەن نین" و بە ئەنقەست رێگری لە کارەکانیان دەکەن. کۆمپانیاکە دەڵێت: "هەوڵدەدرێت بە بڕیاری زۆردارانە لە بازاڕ دووربخرێینەوە."
رۆژی چوارشەممە، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ساڵی 2007ـەوە و لە سەرەتای وەرگرتنی مۆڵەتەکەیان، رووبەڕووی "ستەم و زۆرداری" بوونەتەوە و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون، سەرەڕای ئەوەی بە هەموو مەرجەکانی حکومەت و لێژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق رازی بوون.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن، پەیوەندی بە "ئەستۆپاکی باج"ـەوە هەیە. کۆڕەک دەڵێت: "دەستەکە رێگری خستووەتە بەردەم جێبەجێکردنی گرێبەستی پێکهاتن (التسویة)، ئەویش بەهۆی رەتکردنەوەی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باجی هەرێمی کوردستان، کە شوێنی سەرەکیی دامەزراندنی کۆمپانیاکەیە."
کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان هەموو رێکارە یاساییەکانیان گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام دەستەی راگەیاندن و گەیاندن "بە ئەنقەست" نووسراوە فەرمییەکانی باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنی حکومەتی پشتگوێ خستووە و پەنای بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بردووە لە رێکەوتی 02-06-2026.
لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە دەڵێن کۆڕەک بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکە جدی نییە، کۆمپانیاکە دەڵێت: "ئەمە پێچەوانەی راستییەکانە، پەیوەندییەکانمان تاوەکو 31-05-2026 بەردەوام بووە. تەنانەت دوای جەژنی قوربان، وەفدێکی باڵای کۆمپانیا چوونەتە بەغدا بۆ بینینی سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار، بەڵام ناوبراو لە کات و ژوانە دیاریکراوەکە خۆی دزیوەتەوە."
کۆڕەک تیلیکۆم هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە بڕیارانە دەبێتە هۆی لەناوبردنی سەرچاوەکانی داهاتی گەنجینەی گشتی و زیان گەیاندن بە "ملیۆنەها بەشداربوو" و کەرتی گەیاندن بە گشتی.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، کۆمپانیای کۆڕەک دڵنیایی دەداتە بەشداربووانی کە "لە پێناو پاراستنی مافەکانیان، پەنا بۆ هەموو رێکارە یاساییەکان لە دادگا ناوخۆیی و دەستوورییەکان دەبەن و ئەمە بە ئەمانەتێکی سەرشانی خۆیان دەزانن."
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رۆژی دووشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026 لە راگەیێندراوێکدا "هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم"ـی راگەیاند.
دەستەکە دەڵێت، بڕیارەکەیان بە پشتبەستن بە یاسا داوە لە کاتێکدا بۆیان دەرکەوتووە کە کۆمپانیاکە [کۆڕەک تیلیکۆم] "پابەندی گرێبەستەکەی نەبووە."
.png&w=3840&q=75)

