رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، لەو 12 ملیار دینارەی کە بۆ هەڵەبجە تەرخانکراوە، 10 ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ساڵی رابردووە و، دوو ملیاریشی بۆ ئەمساڵە. دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی پارەکە کەمە، بەهۆی نەبووی نەختینەشەوە هیچ پارەیەک بۆ پڕۆژەکان خەرج ناکرێت و زۆرینەیان راگیراون.
ئەمساڵ 10 پڕۆژە بۆ پارێزگای هەڵەبجە راگەیێندراوە کە زۆرینەیان بەهۆی نەبووی نەختینە لە بانکەکان کارەکانیان خاو بەڕێوەدەچێت، یاخود راگیراون.
جەمال عومەر، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە پارێزگای هەڵەبجە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی و سورەیا هەساری پێشکێشی دەکەن بە رووداوی گوت: "نەبوونی نەختینە کێشەی سەرەکی راوەستانی پڕۆژەکانی هەڵەبجەن، بەڵێندەر دەچێتە بانک پارە نییە بیدەنێ، بەشێک لە پڕۆژەکان هەفتانە 20 بۆ 25 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت ئەوەش زۆر کەمە، بەوهۆیەوە زۆرینەی پڕۆژەکان راگیراون."
بەگوتەی جەمال عومەر، ساڵانی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەت بە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بۆ هەڵەبجە خەرج دەکرد، بەڵام ئەمساڵ هیچ پارەیەکی بۆ دابین نەکردوون و دەڵێت، حکومەت نابێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکات.
لەبارەی راگرتنی پڕۆژەی قیرتاوکردنی دوو گەڕەک لە خورماڵ، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە پارێزگای هەڵەبجە گوتی: "پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرج ناکرێت، بۆیە کارەکانی راگرتووە، لە بودجەی ساڵی داهاتوو پارەی بۆ دابین دەکرێت." دەشڵێت: "سەردانی پڕۆژەکەمان کردووە و بە کۆمپانیای جێبەجێکارمان گوتووە دەبێت کاری چەوڕێژکردنی گەڕەکەکە تەواو بکات بۆ ئەوەی خەڵک لە قوڕ و لیتە رزگاریان ببێت."
لە دوای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، دانیشتووانی خورماڵ چاوەڕوانبوون خورماڵ لە ناحیەوە بکرێت بە قەزا، جەمال عومەر دەڵێت، خورماڵ لە هەموو روویەکەوە شایستەی ئەوەیە بکرێتە قەزا، ناوچەیەکی گەشتیارییە و ناسراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق. دەشڵێت، دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 140 هەزار کەسە، دانیشتووانی خورماڵ نزیکەی 19٪ی کۆی دانیشتووانی هەڵەبجە پێکدەهێنێت، بۆپە پێویستە ئەنجوومەی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک بیکاتە قەزا.

.jpg&w=3840&q=75)
