رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری زیاتر لە 20 لایەنی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە، گوتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران دەڵێت، ئامانج لە کۆبوونەوەکە گەیاندنی دەنگی خەڵکی ناڕازیی ئێرانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داوا لە ئەندامانی یەکێتییەکە دەکەن نوێنەرانی ئێران لە وڵاتەکانیان دەربکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 14:00 نوێنەری لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا کۆببنەوە، نەوید مەهراوەر، گوتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران میوانی بوولتەنی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، گوتی، نوێنەرانی سێ هاوپەیمانیی گەورەی ئێرانی بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا دەکەن کە پێکدێن لە (شوورای دیموکراسیخوازانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران، هاوپەیمانی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران) بەگشتی لە زیاتر لە 20 لایەن و رێکخراو پێکهاتوون، لایەنە کوردییەکانیشیان لەنێودایە.
بە گوتەی نەوید مەهراوەر، ئامانج لە کۆبوونەوەکە گەیاندنی دەنگی خەڵکی ناڕازیی ئێرانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەن پشتیوانیی خەڵکی ناڕازیی ئێران بکەن و نوێنەرانی ئێران لە وڵاتەکانیان دەربکەن و نوێنەرانیشیان لە ئێران بکشێننەوە، لەبری ئەوەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان بکەن.
لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران هەوڵی رووخاندنی حکومەتی ئێران دەدەن و خواستیانە رژێمێکی نوێ لە ئێران بونیات بنێن، نەوید مەهراوەر دەڵێت، "کورد پێکهاتەی سەرەکیی هەرسێ هاوپەیمانییەکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی رێککەوتوون کە حکومەتی داهاتووی ئێران حکومەتێکی دیموکراسی و لامەرکەزی بێت، بە شێوەیەک کە مافەکانی کوردی تێدا دەستەبەر بکرێت."

.jpg&w=3840&q=75)
