رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، 83 هەزار کەمئەندام لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکەیان مووچەیان هەیە، ئەوانەی کە هیچ مووچە و دەرامەتێکی دیکەیان نییە، مووچەکانیان 150 هەزار دینارە و ئەوانەش کە مووچەیەکی دیکەیان لە حکومەت هەیە، مووچەیان 100 هەزار دینارە.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانیدا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە بارەی رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان گوتی، "پێموایە تاوەکو سەرژمێرییەکی دروست نەکرێت، ناتوانین بڵێین رێژەی هەژاری چەندە، دەتوانین بە ژمارە بڵێین ئەوەندە خێزانە هەژارە، بەڵام ناتوانین بڵێین لە سەتا چەندی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هەژارن، لەبەر ئەوەی ئێمە سەرژمێریمان نەکردووە، نازانین ئاخۆ لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن کەسین یان شەش ملیۆن. ئەو ئامارانەش کە بڵاو دەکرێنەوە، لەناوی ئەو خێزانانەی بە هەژار ناویان تۆمار دەکرێت، هەیانە زۆر دەوڵەمەندن، بەهۆی دەستوەردانی حزبەکان، ئەو لیستانە پڕ بوون لە گەندەڵی و خەڵک هەبووە بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز رۆیشتووە مووچەی وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوە خەڵک هەبووە نان نەبووە بیخوا، لەناو لیستەکان دا نەبووە، ئێمە ئالیەتێک دادەنێین ئەو هەڵە و گەندەڵییانە دووبارە نەبنەوە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ناونووسینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تا کەی بەردەوام دەبێت و ئێستا لە چ قۆناخێکدایە؟
کوێستان محەممەد: بۆ تۆماری تازە ناوەکانمان تۆمار کردووە کە ژمارەیان سەرووی 11 هەزار کەسە، رۆژی سێشەم لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆبووینەوە بۆ ئامادەکردنی رێوشوێن بۆ لیژنە پزیشکییەکان، هەردوو لا لیژنەی باڵامان پێکهێناوە و بە بڕوای من لە حەوتی مانگی چوارەوە دەست دەکەین بە پشکنینەوەی ئەو کەسانەی ناویان تۆمار کردووە. دواتر لیستەکە ئامادە دەکەین و دەیبەین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە ئومێدی ئەوەی کە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا مووچەکانیان بۆ ببەستین.
رووداو: ئەو لیژنەیەی ئێوە دایدەنێن یەک لیژنەی ناوەندییە یان هەر پارێزگایە و لیژنەی خۆی هەیە؟
کوێستان محەممەد: لەناو دیوانی هەریەک لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی دوو لیژنەی باڵا دەبێت و لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک چەند لیژنەیەکی پزیشکی دروست دەکرێن، ئەو لیژنە پزیشکییانە هەر کامەیان نوێنەرێک لە وەزارەتی کۆمەڵایەتی و تویژەری کۆمەڵایەتی لەوێ ئامادە دەبێت و دوای ئەوەی کە پشکنینەکە دەکەن، لەڕێی داتابەیسێکەوە سەرجەم راپۆرتەکان دێنەوە وەزارەت و ئێمە رێکی دەخەین و دەیکەین بە لیستێکی یەکگرتوو و دەیبەین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
رووداو: هەتا ئەمڕۆش ناونووسین بەردەوامە؟
کوێستان محەممەد: ناونووسین راگیراوە لەبەر ئەوەی ماوەی چوار مانگ ئێمە سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوەکان بووین و ئێستە دەست دەکەین بە پشکنینی تەندروستی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە ئیدی کەسی دیکە ناونووس ناکەین، بەڵام بۆ ئەم قۆناخە ئەو 11 هەزار کەسەی تۆمارمان کردوون پشکنینیان بۆ دەکەین و کە کاروباری ئەوان تەواو بوو و مووچەکانیان بەسترا، قۆناخێکی دیکە دەستپێدەکەین.
رووداو: کاتێکتان دیاری کردووە بۆ تەواوبوونی پشکنینەکان؟
کوێستان محەممەد: لەگەڵ وەزیری تەندروستی قسەمان کرد و بە بڕوای هەردوولامان دوو مانگی دەوێ پشکنینەکە تەواو ببێت لەبەر ئەوەی ژمارەکە زۆرە.
رووداو: دوای دوومانگ کە پشکنینەکە کۆتاییهات و ناوەکان بران بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، رەزامەندییەکە ئامادەیە بۆ بڕینەوەی مووچە بۆیان؟
کوێستان محەممەد: بەپێی ئەو کۆنووسەی خۆم و وەزیری تەندروستی و وەزیری دارایی و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی کردوومانە، دوای ئەوەی لیژنەی پزیشکییان بۆکرا، تۆمار دەکرێن و مووچەیان دەبێت.
رووداو: ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا مووچە وەردەگرن لە وەزارەتی ئێوە چەندە؟
کوێستان محەممەد: 83 هەزار کەمئەندام لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مووچەیان هەیە، ئەوانەی کە هیچ مووچە و دەرامەتێکی دیکەیان نییە، مووچەکانیان 150 هەزار دینارە و ئەوانەش کە مووچەیەکی دیکەیان لە حکومەت هەیە، مووچەیان 100 هەزار دینارە.
رووداو: پێشتر چاودێری خێزان پاڵپشتی دارایی پەککەوتە و خێزانە کەمدەرامەتەکانی دەکرد، بەڵام ئەو هاوکارییە راوەستا. پلانتان هەیە جارێکی دیکە ئەو پڕۆژەیە دەستپێبکەنەوە؟
کوێستان محەممەد: لە پڕۆژەی چاودێری خێزان 87 هەزار خێزان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مووچەی هەبوو، لە مانگی نۆی 2015 بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو مووچانە راگیران، ئێمە کە هاتووین کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن دەست بکەینەوە بە تۆمارکردنی ناوی ئەم خێزانە هەژارانە، سەرەتا سیستمێکمان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و کۆمەڵێک رێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادە کرد، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران پێیان وابوو سیستمەکە کەموکورتی هەیە و ئێستا ئێمە رێنماییەکمان ئامادە کردووە، رێنماییەکە پێویستی بەوە هەیە کە ئێمە و وەزارەتی پلاندانان و ئەو رێکخراوانەی کە هاوکارمانن، بەیەکەوە هەموومان پەسندی بکەین و لە رۆژنامەی وەقایع بڵاوی بکەینەوە، کە ئەمە تەواوبوو، ئەوکات دەرگە دەکەینەوە بۆ ناونووسی خێزانە هەژارەکان.
ناونووسینی خێزانە هەژارەکان واتای ئەوە نییە کە یەکسەر مووچەیان بدرێتێ، ئێمە هەر بە هاوکاری ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانە و وەزارەتی پلان، دەبێ توێژەرەکانمان سەردانی هەموو ئەو ماڵانە بکەنەوە و پشتڕاستی بکەنەوە ئەو فۆڕمەی پڕیانکردووەتەوە تەواوە و زانیارییەکانیان راستە، ئەوکات ئێمە لیستەکان رێکدەخەین و دەیخەینە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و بۆ ئەمەیان دەبێ رەزامەندی وەربگرین.
رووداو: ئەو بڕە مووچەیەی بۆ خێزانە هەژارەکان دەستنیشان دەکرێت، بڕەکەی دیارە؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا ژمارەی خێزانەکان دیار نین.
رووداو: مەرجی ئێوە چییە بۆ ئەو خێزانانەی سودمەند دەبن لە مووچەکە؟
کوێستان محەممەد: ئێمە فۆڕمی تایبەتمان ئامادەکردووە و هەموو مەرجەکانی تێدایە، دەبێ ئەو خێزانە بەکردار هەژار بن و پێویستییان بەو هاوکارییە هەبێت، مەرجێکی ئێمە بۆ ئەو خێزانانە ئەوەیە، هەر خێزانێک منداڵەکانی لە مەکتەب هێنابێتە دەرەوە و کاسبی یان سواڵی پێ بکات، دەبێ منداڵەکانی بباتەوە ناو خێزان و بخرێنەوە بەر خوێندن، ئەمەش پێی دەگوترێت هاوکاری بە مەرج.
رووداو: پلانێک هەبوو باس لە پڕۆژەیەکی هاوبەش دەکرا لە نێوان بانکی نێودەوڵەتی و حکومەتی هۆڵەندا بۆ بڕینەوەی مووچە بۆ کەمدەرامەت و پەنابەران خەرج بکەن، بڕیاریش وابوو لە دهۆکەوە دەست پێ بکەن، ئەو پڕۆژەیە بەکوێ گەیشت؟
کوێستان محەممەد: پڕۆژەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە، سێ هەزار خێزان لە دهۆک، بە پەناهەندە و خانەخوێ ناونووس کراون و هەموو رێکارەکانی تەواو بووە و ئەوە ماوە پارەکە رەوانە بکرێت و دابەش بکرێت.
رووداو: بۆ هەر خێزانێک چەند دەدرێت؟ ئایا مانگانەیە یان ساڵانە؟
کوێستان محەممەد: ئەوەندەی من بزانم هەر خێزانێک 200 دۆلاری پێ دەدرێت و پارەکە بۆ ساڵیک بەردەوام دەبێت.
رووداو: ئامارێکتان هەیە بۆ ئەوەی بزانرێ رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان چەندە؟
کوێستان محەممەد: بابەتی ئامار پێوەندی بە وەزارەتی ئێمەوە نییە، بەڵکو پێوەندی بە دەستەی ئامارەوە هەیە کە سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، راستە وەزارەتی پلاندانان ساڵانە رێژەی هەژاری و بێکاری بڵاودەکاتەوە، بەڵام من وەک بۆچوونی خۆم، پێموایە هەتا سەرژمێرییەکی دروست لە هەرێمی کوردستان نەکرێت، ناتوانین بڵێین رێژەی هەژاری چەندە، دەتوانین بە ژمارە بڵێین ئەوەندە خێزانە هەژارە، بەڵام ناتوانین بڵێین لە سەتا چەندی دانیشتووانی هەرێم هەژارن، لەبەر ئەوەی ئێمە سەرژمێریمان نەکردووە، نازانین ئاخۆ لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن کەسین یان شەش ملیۆن. ئەو ئامارانەش کە بڵاو دەکرێنەوە، لەناوی ئەو خێزانانەی بە هەژار ناویان تۆمار دەکرێت، هەیانە زۆر دەوڵەمەندن، بەهۆی دەستوەردانی حزبەکان، ئەو لیستانە پڕ بوون لە گەندەڵی و خەڵک هەبووە بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز رۆیشتووە مووچەی وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوە خەڵک هەبووە نان نەبووە بیخوا، لەناو لیستەکان دا نەبووە، ئێمە ئالیەتێک دادەنێین ئەو هەڵە و گەندەڵییانە دووبارە نەبنەوە.
رووداو: ئەو کەسانەی کە کەمدەرامەت و هەژارن، ئاگاداری شتێکی وا نین یان پێڕاناگەن، میکانزمێکتان دەبێت بۆ ئەوەی بگەن بەو خەڵکانەش؟
کوێستان محەممەد: لە کاتی کەرەنتینەوە تاوەکو ئێستا، بە سەتان هەزار پاکێج خواردنمان دابەشکردووە، جگە لەوەی لە رێگەی کۆمپانیا و خێرخوازانەوە بە هەزاران خێزان هەبووە بە پارە یان بە نەوت هاوکاری کراون. ئێمە لە هەموو شار و قەزا و ناحیەکان بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆمان بە هاوکاری پارێزگار یان قایمقامەکان یانیش بەڕێوەبەری ناحیە هاتوون لیستی هەژارانیان تۆمارکردووە، ئەمانە دابەشکراون، بەڵام بە بڕوای خۆم ئەم لیستانەش کەموکورتیی زۆری تێدابووە، گەندەڵیی زۆری تێدابووە، خەڵکێکی زۆر ناشایستەی تێدابووە، لەو بابەتەش دەستوەردانی حیزبی هەبووە، بۆخۆم بەردەوام لەسەر هێڵ بوومە لەگەڵ بەرپرسە حیزبییەکان کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە دەستوەردان بکەن، بەڵام هەر دەستوەردانیان دەکرد.
رووداو: هەرچەندە رەنگە ئێوەش زۆر تێبینیتان لەسەر ئەو لیست و ناوانە هەبێت، ئەوە نیشان دەدات کە لە کام پارێزگادا زیاتر لیستی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان تۆمارکراوە؟
کوێستان محەممەد: ئێمە ئامارێکمان وەرگرتووە لە وەزارەتی پلاندانان بەپێی دانیشتووان بەرکەوتەی هەولێر چەند دەبێت سلێمانی و دهۆک و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە چەند دەبێت. بەپێی ئەو بەرکەوتەیە پێمان گوتوون ئەوەندە ناومان بدەنێ، بۆ نموونە بۆ هەولێر بۆ پارەی 100 هەزار کە دابەشمان کردووە، پێمان گوتوون 49 هەزار ناومان بدەنێ، ئەوان خۆیان لیژنەیان ناردووە گەڕەک گەڕەک گەڕاون، بەڵام لە هەموو هەرێمی کوردستان لیستەکان بە تەواوەتی لیستی هەژاران نەبوون.
رووداو: واتە دیار نییە کە رێژەی هەژاری لە کام پارێزگا زیاترە؟
کوێستان محەمەد: ئەمە بە سەرژمێری دەکرێت.
رووداو: بۆ بێکاریش هەمان شتە؟
کوێستان محەمەد: بەڵێ، بۆ هەمووی دەبێت سەرژمێری بکرێت، دەبێت دەستەی ئامار سەرژمێرییەکی دروست بکات بۆ ئەو رێژانە، ئەرکی دەستەی ئامارە کە سەر بە وەزارەتی پلاندانانە نەک وەزارەتی ئێمە.
رووداو: بۆ مەسەلەی بێکاری، کرێکار هەیە خۆی تۆمار دەکات، ئەولەویەتیش بۆ کرێکاری ناوخۆیە. بۆچی زۆرینەی دەرفەتی کار بۆ کرێکاری بیانی دەڕەخسێندرێت؟
کوێستان محەممەد: بەپێی ئەو ئامارەی لای ئێمەیە 16 هەزار و 243 کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ئەوانەی لای ئێمە ئەوانەن کە بەیاسایی دێن، لە رێگەی کۆمپانیاوە دێن، ئەوانەی مۆڵەتی کاریان هەیە، بەڵام چەند مانگێک پێش ئێستا نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە کە 100 هەزار کرێکاری بیانی هاتووەتە هەرێمی کوردستان، جگە لەو 16 هەزار و 243 کەسەی کە بەیاسایی هاتوون، ئەوانی دیکە بە نایاسایی هاتوون، جا بە ڤیزەی گەشتکردن هاتوون، یان بە ڤیزەی سەردان هاتوون، یان بە قاچاخ هاتوون، ئەوانە بە نایاسایی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئێمە رێکمان خستووە فەرمانمان دەرکردووە، هەر کارگەیەک هەر کۆمپانیایەک لە رێگەی ئێمەوە داوای هێنانی کرێکاری بیانی بکات مەرجمان هەیە، دەبێت ئەو کارگەیە 75٪ی کرێکارەکانی خۆماڵی بن، 25٪ـەکە دەبێت هونەری بن، دەبێت لە ماوەی 3 رۆژنامەی فەرمی بڵاوی بکاتەوە کە پێویستمان بەو جۆرە کارە هەیە، ئەگەر کرێکاری خۆمان ئامادەیی تێدا نەبوو ئەو کارە بکات، ئینجا رێگەیان پێدەدەین ئەو کرێکارانە بێنن بەمەرج، دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا کرێکارەکانی خۆمان فێر بکەن و بڕۆنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام ئەوە ئێمە پابەندین پێوەی.
رووداو: چەند رۆژێک پێش ئێستا رێباز حەملان، راوێژکاری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، دەڵێت لە 100 CV دا 3ی خەڵکی هەولێر بوونە. ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە دەڵێن خەڵکی ئێمە هەندێک کارناکەن؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، پەیوەندی بەوە نییە کە خەڵکی ئێمە حەزی لە کار نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو رێکارانەوە هەیە، یەکەم؛ لە کاتێکدا کە 100 هەزار کرێکاری بیانی دەهێندرێت بە پارەیەکی زۆر کەم کاردەکات، جێی کرێکاری خۆماڵی دەگرێتەوە. دووەم؛ بە داخەوە زۆرێک لە خاوەنکارەکان بەهۆی چاوچنۆکییەوە مافی کرێکار نادات و دەیچەوسێنێتەوە، رەنگە بتوانێت کرێکارێکی سووری و ئێرانی بچەوسێنێتەوە لەبەر ئەوەی لێرە بێکەس و بێ پشت و پەنایە، ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمە بزانن قبووڵی ناکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بە نایاسایی هاتوون ئێمەی پێی نازانین، بەڵام کرێکارێکی خۆماڵی ئەو ستەمە قبووڵ ناکات. جگە لەوە بەهۆی چاوچنۆکیانەوە دەستەبەریان ناکەن، کە ئەو دەستەبەری ناکات هەست دەکات پاشەڕۆژێکی روونی نییە بۆیە خواستی لەسەر کەرتی گشتی هەیە. بۆیە ئێمە لە رێگەی لیژنەکانمانەوە لە رێگەی کۆمەڵێک رێکاری یاساییەوە وامانکردووە کە زۆرترین کرێکاری خۆماڵی دەستبەر بکەین بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا خانەنشین ببێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارمان بە بەردەوامی پشکنین بۆ شوێنکارەکان دەکەن، لە هەر شوێنێک کرێکارێک بچەوسێندرێتەوە، سەرەتا ئاگاداری خاوەنکارەکە دەکرێتەوە دواتر دەیاندەین بە دادگەی کار. جگە لەوە ماوەیەکی دیاریکراو زۆر کرێی کرێکاری ناکارامە 285 هەزار بووە، کە دەبوو هەردوو ساڵ جارێک ئەم کرێیە بەرز بکرێتەوە، پێشتر ئەمە نەکراوە، ئێمە کرێی کرێکاری ناکارامەمان بەرزکردووەتەوە بۆ 350 هەزار، کاژێری کاریش ئەوەی بە کاژێر کاردەکات، لە 1500 دینارەوە کردوومانە بە 2500 دینار. ئەمە رێگەخۆشکەرە کارئاسانییە کە کرێکاری خۆماڵی ئومێدی بە کەرتی تایبەت هەبێت، ئەو خواستەی بۆ کەرتی گشتی هەیەتی پێچەوانە ببێتەوە بۆ کەرتی تایبەت.
رووداو: تاوەکو ئێستا چەند کرێکار لە کوردستان خۆیان دەستەبەر کردووە؟
کوێستان محەممەد: 127 هەزار 160 کرێکار لای ئێمە خۆیان دەستبەر کردووە.
رووداو: ئەو مافانەی باست لێوەکرد و ئەو بەرگریی کردنە لە کرێکار، بۆ ئەو کرێکارانەشە کە لای ئێوە دەستەبەر نەکراون؟
کوێستان محەممەد: بە گشتی ئەو کرێکارانەی دەچەوسێندرێنەوە، خۆی دەستبەر کردبێت یان نا، ئەرکی سەر شانمانە کە قبووڵ نەکەین هیچ کەسێک لەو هەرێمە بچەوسێندرێتەوە، چ جای کرێکار بێت، بەڵام سەبارەت بە مافەکانی وەکو خانەنشین بوون و وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە خۆیان دەستبەر کردووە.
رووداو: زۆر پرۆژە هەن، بە تایبەت پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، رەنگە 70-80٪ کرێکارەکانی کە لەسەر ئەو پرۆژانە کاردەکەن بیانی بن، چ رێگەیەک هەیە بۆ ئەوەی خاوەنی ئەو پرۆژانە کرێکاری خۆماڵی بەکار بخەن لە بری کرێکاری بیانی؟
کوێستان محەممەد: ئێمە دوو یاسامان هەیە پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە، یاسای وەبەرهێنان لەگەڵ یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، لەم دوو یاسایە زۆر بە لاستیکی هاتووە، دەقی یاسایەکەم بە تەواوەتی لەبەر نییە، دەڵێت دەبێت هەوڵ بدرێت کرێکاری خۆماڵیش لەم پرۆژانە کار بکەن، ئەمە لاستیکییە دەتوانێت بیکات و دەتوانێت نەیکات، بۆیە بەپێی زانیارییەکانی من دەستەی وەبەرهێنان خۆشیان ئێستا وەک ئێمە فەرمانێکیان دەرکردووە کە هەر وەبەرهێنێک کرێکار بهێنێت دەبێت 75٪ی کرێکاری خۆماڵی بێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەمواری یاساکە هەیە، چونکە وەبەرهێن پشت بە یاساکە دەبەستێت، هەروەها ئەمە بۆ یاسای نەوت و غازیش وایە کە گلەییەکی زۆر لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت هەیە، بۆیە ئەو دوو یاسایە دەبێت هەموار بکرێنەوە و دەستنیشان بکرێت، کە دەبێت کۆمپانیاکانی نەوت، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان 75-80٪ی کرێکارەکانیان خۆماڵی بێت.
رووداو: ئێوە دەتوانن خاوەنکارێک ناچار بکەن کە کرێکارەکەی دەستەبەر بکات؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، کە چووین لیژنەکانی ئێمە، بۆنموونە دەچێتە هەر مۆڵێک، هەر هۆتێلێک، هەر کۆمپانیایەک، کە ناوی کرێکارەکانی تۆمارکرد پێی دەڵێت، بۆ نموونە تۆ 30 کرێکارت هەیە، ئەمە مووچەکەیەتی، لە 5 رۆژی یەکەمی مانگ، یەکەم؛ خۆت 12٪ بۆ کرێکارەکە دەدەی و 5٪ لە مووچەی کرێکارەکە خۆی دەیهێنیت پارەکە لە دەستەبەر دادەنێیت تاوەکو ئێمە بە رێکاری یاسایی خۆمان بیخەینە سەر هەژماری سندووقی خانەنشینی دەستبەری کۆمەڵایەتی، ئەگەر نەیهێنی مانگی دوای ئەوە غەرامەی دەچێتە سەر، تاوەکو دوا بکەوێت غەرامەی دواکەوتنەکە بە زیاد دەبێت، بۆیە ناچار دەبێت کاتێک مامەڵەیەک بکات، بۆ نموونە دەیەوێت خانووەکەی بفرۆشێت، دەیەوێت زەوییەک بکڕێت، کۆمپانیایەکی دیکە دابنێت مەرجە لەسەری بچێت پاکتاوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بێنێت، پاکتاو نەکات و قەرزەکەی نەداتەوە هیچ مامەڵەیەکی لە حکومەتی هەرێم ناڕوات.
رووداو: لە حکومەتی عێراق، لەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان، زۆرجار قەرز بۆ پرۆژە دەدرێتە خاوەنکار، هیچ هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش سوودمەندبێت لەو قەرزانە، چونکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، خۆی حکومەتی عێراقی لە بانکی نێودەوڵەتی 5 ترلیۆن دیناری وەرگرتووە بۆ قەرزی کشتوکاڵی، پیشەسازی و قەرزی بچووک. ئێمە دەزانین کە یەک ترلیۆنی دانراوە بۆ قەرزی بچووک، لەو یەک ترلیۆنە 213 ملیاری بۆ هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەمان نەهاتوون لە رێگەی حکومەت و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیەوە ئەو قەرزە بدەن بە گەنجەکانمان، بەڵکو لە رێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە کردوویانە.
ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەری قەرزی بچووک و بەڕێوەبەری پلان چووین سەردانی پارێزگاری بانکی ناوەندیمان کرد، پێمان گوت ئەمە مافی هەرێمی کوردستانە، ئێوە لە رێگەی ئەو بانکانەوە پارە دەدەن و ئێستاش راتانگرتووە، گوتی ئێمە بۆیە رامانگرتووە بە داخەوە گەنجەکانی ئێوە قەرزەکانمان نادەنەوە، بۆیە بە ناچاری رامانگرتووە. ئێمەش پێمان گوتن کە ئێمە یاسامان هەیە، بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە، مەرجی خۆمانمان هەیە، یەک کەس ناتوانێت لە وادەی خۆیدا قەرزەی دوابخات، ئێوە ئەو قەرزە بدەن بە ئێمە بۆشتان وەردەگرینەوە. پێی گوتین نووسراوێکمان بۆ بکەن ئێمە لە ئەنجوومەنی بانک گفتوگۆی دەکەین خۆشم پشتگیریتان دەکەم، هەر ئەم بەیانییە بەڕێوەبەری قەرزی بچووک جارێکی دیکە قسەی لەگەڵ کردووم گوتوویانە پشتگیریتان دەکەین هەوڵدەدەین کە ئەو پارەیە جێبەجێ بکەین.
جگە لەوە چی رێکخراوی نێوەدەوڵەتی هەیە سەردانی منی کردبێت پێم گوتوون کە گرنگە بۆ ئێمە ئێوە تەمویلی ئەو سندووقەی ئێمە بکەن پارەمان بدەنێ، قەرزەکەتان دەدەینەوە. هەروەها چەند جارێک داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە دەستبکەینەوە بە پێدانی قەرزی بچووک، نە پارەمان بدەنێ، نە ئەو قەرزەی لە سندووقەکەیە ئەو پارەیەی کە گەڕاوەتەوە کراوە بە مووچە لە کابینەی پێشوو داوای ناکەینەوە. بەڵام ئەو قەرزەی مانگانە وەریدەگرینەوە ملیۆنێک دینارە، رێگەمان پێبدەن ئەو ئەو پارەیە بدەینەوە بە قەرز کە حیسابمان کردووە بۆ هەرێمی کوردستان مانگانە 150 پرۆژە دەکات. ئەنجوومەنی وەزیران لەبەر قەیرانی دارایی وەڵامیان داینەوە کە ناکرێت، بۆیە دواجار نووسراومان ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت کرد، ئێستا بەڕێزیان لە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی راسپاردووە تاوەکو دیراسەی بکەن و ئەنجامەکەی بدەنەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات. بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە کە بەڕێوەبەری قەرزی بچووک هەمو رۆژێک تەلەفۆنیان بۆ دەکات، دەڵێن وەڵامەکانی ئەرێنی دەبێت بۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەت.
رووداو: بێجگە لەو قەرزەی لەنێوخۆ هەوڵی بۆ دەدەن، ئەوەی حکومەتی عێراق دیارە کە جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی گەنجەکانی ئێمە لێی سوودمەند ببن؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، وەک باسمکرد هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرەکەمان تەلەفۆنی بۆ کردن، گوتیان دیراسەی دەکەین و دەبێت ئەنجوومەنی بانک لە دەنگدان دەنگی پێبدات، بێگومان ئەوەش کاری دەوێت و دەبێت کاری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن، بۆیان روون بکرێتەوە کە ئەو پارەیە نافەوتێت و دەگەڕێتەوە، ئێمەش مافی خۆمانە لەو قەرزە بدرێت بە حکومەت و ئێمەش بیدەین بە گەنجەکانمان هەر وەک گەنجێکی بەسرە و بەغدا و کەربەلا و نەجەف، گەنجەکانی ئێمەش لە زاخۆوە بۆ خانەقین مافی ئەوەیان هەیە سوودمەد بن لەو قەرزە.
رووداو: مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت و حکومەتی کاربەڕێکەر کاریگەری بەسەر ئەو بڕیارە نابێت؟
کوێستان محەمنەد: نەخێر.
رووداو: هیچ پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی چاکساییەکانی کوردستان فراوان بکرێن؟
کوێستان محەممەد: ئێستا ژمارەی سزادراون لای ئێمە 4 هەزار و 713 کەسە، ئەو 4713 دابەشبوونەتە سەر 6 چاکسازیی، چاکسازییەکانی ئێمە چاکسازی گەوران بۆ 900 کەس دروستکراوە، هەموویان دوو بۆ سێ هێندە لەو ژمارەیە ئێستا لە چاکسازییەکاندان. هەرسێ چاکسازی ژنان و نەوجەوانان زۆر کۆنن، بۆ چاکسازی دروست نەکراون، شوێنیان زۆر خراپە.
سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی باڵای دروستکرد لە ئێمەو وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی دیراسەی ئەو بابەتانە بکەن، چونکە ئێمە زۆر راپۆرتمان بۆ بەڕێزیان نارد. دوو بڕیاری دەرکردووە، یەکەم؛ چاکسازییەکی گەورە بۆ 5 هەزار کەس دروست بکرێت، زەویی بۆ وەرگیراوە، سایت پلانی بۆ کراوە، دەرخستەی بۆ کراوە، ئەو چاکسازییە بۆ تیرۆر و ئەوانەی سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، لە دەوروبەری هەولێر دروست دەکرێت. بەڵام پارەکەی زۆرە، کە 50 ملیۆن دۆلارە، هەر رێکخراوێک هاتبێت گوتوومە بۆمان مەکەن بەس هاوکاریی حکومەت بکەن بۆ تەواوکردنی، لەگەڵ وەزیری دادی عێراقیش لەسەر ئەو بابەتە قسەم کردووە، لەو ژمارەیە 1569 سزادراویان هی ناوەڕاست و باشوورە، هەر لەبەر ئەوانەی خۆتان هاوکارمان بن ئەمە بکەین.
رووداو: بۆچی ئەو 1569 سزادراوە ناگەڕێننەوە بۆ زیندانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق؟
کوێستان محەممەد: بە داخەوە هەڵە تێگەیشتنێک هەیە لەلای خەڵک و رۆژنامەنووسان، مەسەلەی یاسایی و سیاسی پەیوەندی بە وەزارەتی ئێمەوە نییە، ئێمە ئیدارەی چاکسازییەکان دەکەین. ئەمە بابەتێکی سیاسییە، دەبێت دەسەڵاتی سیاسی بڕیاری لەبارەوە بدات. 3 چاکسازییەکەش کە هی ژنان و نەوجەوانانە، پێشتر 6 بینا دروستکراوە 3 بۆ ژنان و 3 بۆ نەوجەوانان. بەڕێز سەرۆکی حکومەت بڕیاریداوە دەست بە دروستکردنیان بکرێتەوە، کە پێشتر کاری تێدا کراوە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا راوەستابوو، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2021 بەڕێز سەرۆکی حکومەت فەرمانی کردووە کە ئەم 6 چاکسازییە دەستبکرێتەوە بە دروستکردنیان، ئێستا وا لە کۆتایی مانگی 3ی 2022ین واتە ساڵێک و 3 مانگە بەهۆی رۆتینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خەرجییەکان تاوەکو ئێستا کار لەو چاکسازیانە کراوە، تەنیا چاکسازی ژنانی هەولێر دوێنێ بڕیارەکە لە بەشی خەرجییەکان چووەتە پارێزگای هەولێر، چونکە دەبێت بدرێت بە تەندەرینگ، ئەگەر ئەم رۆتینە نەبووایە ئێستا ئەم چاکسازیانە بەشێکی زۆری تەواو ببوو، بەڵام دوای ساڵیک و 3 مانگ هێشتا بەداخەوە بڕیارەکە دەرنەچووە کە دەست بەکارکردن لەو چاکسازیانە بکرێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)