روودو دیجیتاڵ
ئەو ئەلبوومەی هەفتەی رابردوو پارێزگاری هەولێر بە دیاری بەخشییە بەرپرسانی ئامەد، لە تورکیا هەرای ناوەتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هەفتەی رابردوو سەردانی شاری ئامەدی باکووری کوردستانی کرد بۆ ئەوەی بەشداری لە فێستیڤاڵێکی خواردن و گەشتیاریدا بکات، هەر بەو بۆنەیە، ئەلبوومێکی وێنەی بە دیاری بەخشییە ژمارەیەک لە بەرپرسانی شارەکە، لە نێویشیاندا پارێزگاری ئامەد، ئەوەش تووڕەیی ژمارەیەک تورکی نەتەوەپەرستی لێکەوتووەتەوە کە پێیانوایە نەدەبوو پارێزگاری ئامەد دیارییەکەی وەرگرتبا، چونکە ناوی کوردستانی لەسەرە.
ئومێد خۆشناو و شاندی یاوەری لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەی گەشتیاری و خواردنەکانی میزۆپۆتامیادا لە ئامەد بەشدار بوون کە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو. لە بۆنەکەدا، پارێزگاری هەولێر هیوای خواست وەبەرهێنانی تورکیا لە نێو هەرێمی کوردستاندا زیادبێت.
پارێزگاری پایتەخت کە ئاڵایێکی کوردستانی بە یەخەکەیەوە کردبوو، پەرتووکێکی لە ژێر ناونیشانی "ئەلبوومی وێنەکانی کوردستان"ی دا بە بەرپرسانی شاری ئامەد، لە نێویشیاندا مونیر کارالۆگلۆ، پارێزگاری ئامەد، محەممەد کایا، سەرۆکی دەستەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شارەکە و فکری ئەتائۆگلۆ، جێگری سەرۆکوەزیرانی باکووری قوبرس. هەموویان دیارییەکەیان قبووڵکرد.
بەڵام وشەی "کوردستان" لە سەرەتای دامەزراندنی تورکیاوە لەو وڵاتە قەدەخە کراوە، ئەوانەشی وشەکەیان بەکارهێناوە، لە رابردوودا رووبەڕووی لێپێچینەوە کراونەتەوە.
وێنەی کاتی وەرگرتنی ئەلبوومەکە هەر زوو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی دایەوە و ژمارەیەکی زۆری تورکە نەتەوەپەرستەکان رەخنەی تووندیان لە پارێزگاری ئامەد گرت بەوەی کە نەدەبوو وەریبگرێت.
پێلین گوندەش، مامۆستای زانکۆ لە ئیستەنبووڵ پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) نکوڵی لە هەبوونی کوردستان دەکات و وەرگرتنی دیارییەکە بە "ئابڕووچوون" ناودەبات.
لە تویتێکدا بە بەکارهێنانی ناوی تورکیی شاری ئامەد، نووسیویەتی: "ناونیشانی ئەو پەرتووکەی کە پارێزگاری دیاربەکر وەریگرت مایەی قبووڵکردن نییە! هیچ وڵاتێک بە ناوی کوردستان نییە! پارێزگاری ئازیز، تۆ پارێزگاری کۆماری تورکیای. من بە بیرت دێنمەوە! ئەمە ئابڕووچوونە! هیوادارم وێنەکە فۆتۆشۆپ بێت! داوادەکەم لێکۆڵینەوەی پێویست بکرێت! چۆن دەوێریت وا بکەیت!"
مەلیس ئەسڵان، بەکارهێنەرێکی دیکەی تویتەرە کە بە راشکاوی خۆی بە "تورکی نەتەوەپەرست" ناودەبات، رەخنە لە پارێزگاری ئامەد دەگرێت لە بەرامبەر وەرگرتنی دیارییەکە "بە زەردەخەنەوە"، دەشڵێت پێویست بوو ئەلبوومەکەی فڕێدابایە ژێر پێی ئومێد خۆشناو و پێی گوتبان کە "ئەمە کۆماری تورکیایە و لێرە بڕۆنە دەرەوە."
محەمەد شەریف ئایدن، سەرۆکی نووسینگەی ئاکەپە لە شارەکە، ناڕاستەوخۆ وەڵامی رەخنەکانی دژی پارێزگارەکە دایەوە. لە تویتێکدا دەڵێت: "پارێزگاری هەولێر، لە ئیدارەی برا کوردەکانمانەوە سەردانی دیاربەکری کرد. سەردانەکە زۆر لەوە گرنگترە کە بکرێتە قوربانیی لێکدانەوە نابەجێیەکان".
هەروەها سوپاسی پارێزگاری ئامەد دەکات لە بەرامبەر "میوانداریکردنی [ئومێد خۆشناو] بە باشترین شێوە." لە کۆتاییشدا بە زمانی کوردی سڵاو بۆ هەولێر دەنێرێت.
کایا کە دیارییەکەی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، لە تویتێکدا بەرگریی لە بڕیارەکەی دەکات و دەڵێت "بە خۆشحاڵییەوە" ئەو کارەی کردووە.
رۆژی دووشەممە، ئومێد خۆشناو قسەی بۆ بەشی ئینگیلزیی رووداو کرد و گوتی هیچ شتێکی هەڵە لە بەخشینی ئەو دیارییەدا نەبووە، چونکە شوێنێک هەیە لە عێراق پێیدەگوترێت کوردستان و لە لایەنی دەستووریشەوە دانیپێدادەنرێت.
لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "لە بارەی وشەی کوردستان لەسەر بەرگەکەی، خاکێک هەیە بە ناوی کوردستان [کە] دەستوورییە ئەوە ناوی وڵاتی ئێمەیە." گوتیشی "ئەمە ئەلبوومێکی گەشتیارییە کە ژمارەیەک وێنەی گەشتیاریی هەولێری لەخۆگرتووە. وێنە و نەخشەی هەموو بەشەکانی هەولێری بە وردەکارییەوە تێدایە."
ئومێد خۆشناو باسی لەوەشکرد کە ئەو ئەلبوومە پێشتر بە بەرپرسان و نێردەی وڵاتانی دیکەش دراوە، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو رەخنانە کار لە سەردانە "گرنگ و سەرکەوتوو"ەکەی ناکەن، گوتیشی ئەو هەڵمەتەی لە دژی وشەی کوردستان گیراوەتەبەر، "مەرامی دیکەی لە پشتەوەیە"، بێ ئەوەی روونیبکاتەوە.
بەگوێرەی پارێزگاری هەولێر، هیچ یەک لەوانەی دیارییەکەیان وەرگرتووە، کاردانەوەی نەرێنییان نەبووە.
وەرگێڕانی: بژار زوبێر



