رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری پارێزگای هەولێر کارەبای سەرجەم ئەو شوێنانە دەبڕدرێت کە بەشێوەیەکی نایاسایی کارەبایان راکێشاوە، سەرجەم ئەو پاڵاوگە و شوێنانەش دادەخرێن کە بە نایاسایی کراونەتەوە.
مەسعود نووری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی گوێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی سێ مانگە دەستیان کردووە بە هەڵمەتی بڕینی کارەبای سەرجەم ئەو شوێنانەی کە بە شێوەیەکی زیادەڕۆ کارەبایان راکێشاوە. هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا "سەرجەم ئەو پاڵاوگانە دادەخەین کە بەشێوەیەکی نایاسایی دروستکراون".
بەڕێوەبەری شارۆچکەی گوێڕ باسی لەوە کرد، هاونیشتمانی هەیە پارەی کارەبای پێنج ساڵی لایە و نەیگەڕاندووەتەوە بۆ حکومەت، "لەم هەڵمەتەدا کارەبای ئەو کەسانەش دەبڕین کە پارەی چەند ساڵێکی کارەبایان لەلایە و نەیانداوەتەوە حکومەت.
بەپێی بڕیارێکی پارێزگای هەولێر، ئەو کەسانەی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبایان لایە، حکومەت بە رێژەی 15٪ـی لە قەرزەکانیان خۆشدەبێت، مەسعود نووری باسی لەوە کرد، "ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بە زووترین کات قەرزەکانیان بدەنەوە حکومەت".
ئەو بڕیارەی پارێزگای هەولێر لە کاتێکدایە ژمارەیەکی "زۆر" پاڵاوگە و شوێنی گشتی بە شێوەیەکی نایاسایی کارەبایان راکێشاوە. بە گوتەی بەڕێوەبەری شارۆچکەی گوێڕ، ئەوە کێشەی بۆ پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانیان دروستکردووە.


