رووداو دیجیتاڵ
تاپۆکردنی ئەو زەوی و خانووانە دەستپێدەکات کە زێدەڕۆن دەکەونە نێو ماستەرپلانی شاری سلێمانی، پرۆسەکەش زەوی و خانووی 55 گوندی دەوروبەری سلێمانی دەگرێتەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ی رۆژی سێشەممەی تەلەڤزیۆنی رووداو لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە بەشداربوو. باسی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری و دۆخی تەندروستیی شارەکەی کرد لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکانی سنووری شەقامی 100 مەتری، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، هەموو ئەو کەسانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە موڵکەکانیان دەکەونە سەر شەقامی 100 مەتری. دەشڵێ، شارەوانیی سلێمانی ماستەرپلانی پرۆژەکەی ناردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ تاوەکو دەست بە رووپێوی بکەن و ئەو زەوییانە جیابکەنەوە کە خاوەنەکانیان مافی یاساییان هەیە و قەرەبووکردنەوە دەیانگرێتەوە.
سەبارەت بە تاپۆکردنی خانوو و زەویی زێدەڕۆ، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019، ئەو خانوو و زەوییە زێدەڕۆیانەی دەکەونە سنووری ماستەرپلانی شار بەپێی ئەو رێکارانەی کە لە یاساکەدا دیاریکراوە تاپۆ دەکرێن، دەبێت ئەو هاونیشتمانییانە پێش 31/12/2020 داواکاری خۆیان تۆمار بکەن، ئەگەرنا زەوییەکان دەبنە موڵکی شارەوانیی سلێمانی.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند، تاپۆکردنی زەوی و خانووە زێدەڕۆکان 55 گوندی دەوروبەری سلێمانی دەگرێتەوە، کە دەکەونە نێو ماستەرپلانی شارەکە. دەشڵێ، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان و شارەوانی قسەمان کردووە بۆ ئەوەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هەموو کارمەندانی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای سلێمانی دروستبکرێت، ئێستاش لەگەڵ سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی خەریکی تاپۆکردنی 700 پارچە زەوین بۆ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی سلێمانی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێ، "سلێمانی قۆناخی زۆر باشی بڕیوە، دۆخی تەندروستی سلێمانی تاوەکو رادەیەکی باش کۆنترۆڵکراوە"، دەشڵێ، "لە دوای 15ی ئەم مانگەوە دەتوانین وەکو پەتایەکی وەرزی مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنا بکەین".
لەبارەی هاتنی لێشاوی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێ، ناتوانین رێگری لە هاتنی هیچ کەسێک بکەین کە بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی سلێمانی دەکات، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوە نەبوون ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار روو لە پارێزگاکە بکەن.

