رووداو - هەولێر
شاندی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا سێ جار سەردانی بەغدای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەران، بەڵام هیچ رێککەوتنێکیان واژۆ نەکردووە و بەنیازە دووبارە بچێتەوە بەغدا. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، شاندەکەی هەرێمی کوردستان چاوەڕاوانی ئەوە دەکەن بەغدا کاتی کۆبوونەوەکە دیاری بکات.
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، شاندەکە ئەمجارە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، وەزیری نەوت و سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کۆدەبنەوە و گفتوگۆکانیان لەسەر نەوت و دارایی دەبێت.
شاندی هەرێمی کوردستان، پێشتر سێ جار سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ وەزیر و ستافی وەزارەتەکانی نەوت و دارایی کۆبوونەتەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی شاندەکەی کردووە.
بەگوتەی شێروان میرزا، گرنگترین خاڵ ئەوەیە هەردوولا لەسەر پرسی نەوت رێکبکەون و دەڵێت: "ریککەوتن لەسەر نەوت بکرێت، لە رووی داراییشەوە رێکدەکەون. ئەگەر لەسەر نەوت رێکبکەوین ئەوەی دیکە ئاسانە".
لەبارەی ئەوەی کە بەغدا داوای داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، ئایا خۆیشی دەیەوێت ئەو کەرتانە بەڕێوەببات یان دەیەوێت داهاتەکەی بۆ ئەو بێت، شێروان میرزا ئاماژە بەوە دەکات، عێراق نایەوێت خۆی ئەو کەرتانە بەڕێوەببات. هەندێک دەسەڵات هەن فیدراڵین و هەندێک هاوبەشە، بەپێی دەستوور دەروازە سنوورییەکان هاوبەشە، "سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا پێی گوتین لە بەغداوە خەڵک نانێرن لە دەروازەکان دەوام بکەن. بۆیە کێشە لەسەر بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو لەسەر داهاتەکەیەتی کە دەچێتەوە بەغدا یان نا، بەرپرسانی عێراق دەڵێن، ئەو داهاتە فیدراڵییە و دەبێت بگەڕێتەوە خەزێنەی بەغدا".
لەبارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان تاوەکو چەند بە داواکارییەکانی بەغدا رازی دەبێت، شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق روونیدەکاتەوە، لە کۆبوونەوەکانیاندا لە بەغدا و لە هەولێر حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی ئامادەن نەوت رادەست بکەن، بەڵام ئایا 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەکەن یان چەند، "ئەوە دەکەوێتە سەر دانووستاندنەکان".
شێروان میرزا ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی ئامادەن لەسەر داهاتی ناوخۆش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەن. هەروەها ئامادەن هەموو زانیارییەکان لەسەر داهاتەکان بدەنە بەغدا.
لەبارەی کۆدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا لەسەر دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا، شێروان میرزا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیڵێت هەموو لایەنەکان لەسەری هاوڕان، بە یەکێتی و پارتی و گۆڕانیشەوە، "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان لە هەولێر و بەغداش بینیوە، کاک قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی کردووە و وەزیرەکانیش بەشداربوونە، فەوزی هەریریش وەکو نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداربووە، ئەوان بەناوی حکومەتەوە قسەیان کردووە و گوتوویانە ئەمە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە نەک یەک کەس و لایەنێک".
وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، شێروان میرزا ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی ئەوان لەو دانووستاندنانە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە وەکو هەرێمێک، "نامانەوێت هیچ هەنگاوێک پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکات وەکو هەرێمێکی فیدراڵ، هاوکات لەگەڵ خۆشگوزارانی خەڵکداین".
لەبارەی داوکارییەکانی بەغداوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەوەی بەغدا داوای دەکات جێی گفتوگۆیە، هەرێمی کوردستانیش لەبەرامبەردا کۆمەڵێک داواکاریی هەیە وەکو قەرز و پشکی پێشمەرگە، بۆیە ئەو داواکارییانە هەموویان جێی گفتوگۆن.
لەبارەی بۆچوونی لایەنە عێراقییەکان بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، شێروان میرزا دەڵێت: "خەڵک هەیە لە بەغدا تاوەکو ئێستاش پێیوایە دەبیت لە بەغداوە حوکمی هەڵەبجە و هەورامان و پشدەر و بتووێن بکرێت، بەڵام خەڵکیش هەیە کە دەزانێت ئە شێوە حوکمڕانییە بەسەرچووە، بۆیە ئەگەر عاقڵمەندانی هەردوولا کۆببنەوە، دەگەنە رێککەوتن".
رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستاندنکاری هەولێر و بەغدا دەستپێدەکەنەوە. فارس عیسا، لێپرسراوی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، لەسەر دوو بابەت گفتوگۆ دەکرێت، یەكێکیان نەوت و ئەوی دیکەشیان داراییە بە سەرجەم داهاتەکانەوە. دەشڵێت، "لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا نزیکین و مستەفا کازمی داوای لە وەزیری دارایی عێراق کردووە هەوڵبدەن کێشەکان زوو چارەسەر بکرێن".

