رووداو - سلێمانی
لە هەفتەی داهاتووەوە راییکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی دەبێت بە ئەلیکترۆنی و هەر هاونیشتمانییەک پێشتر لە رێگەی ئۆنلاینەوە ناوی تۆمار نەکرابێت و نۆرەی بۆ دانەنرابێت، مامەڵەکەی بۆ رایی ناکرێت.
عەمید فەرەیدوون عومەر، بەڕێوبەری گشتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان، قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر هاتووچۆی سلێمانی دروستبوو، بۆیە بڕیار درا سیستەمی ئەلیکترۆنی کارا بکرێت. هەر هاونیشتمانییەک مامەڵەی هەیە، لە رێگەی ئەو سیستەمەوە ناوی خۆی تۆمار دەکات و کاتێکی بۆ دادەنرێت تاوەکو سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ بکات و مامەڵەکەی رایی بکات. ئەگەر پێشتر ناوی تۆمار نەکرابێت، مامەڵەکەی بۆ رایی ناکرێت".
عەمید فەرەیدوون ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا گرێبەستی کڕینی ئۆتۆمبێلیان کردووە و لەکاتی خۆی مامەڵەی تۆمارکردنیان بۆ نەکردووە، لە پێبژاردن دەبەخشرێن".
بەڕێوبەری گشتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە بەخشینی ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلەکانیان تۆمارنەکردووە تاوەکو چەند هەفتەیەک درێژبکرێتەوە.
لەبارەی چۆنیەتیی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئۆنلاینەوە بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی ئاشکرای کرد، پڕکردنەوەی فۆرمەکە لە رێگەی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانییەوە دەبێت و هاونیشتمانییان دوای تۆمارکردنی ناوەکانیان کۆدێک وەردەگرن و بەو کۆدە کارەکانیان بۆ رایی دەکرێت.
فەریدوون عومەر دەشڵێت، بەهۆی قەدەخەی هاتوچۆوە کامێراکانی چاودێری کاریان نەکردووە، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو کامێراکانی چاودێری دەکەونەوە کار.


