رووداو - سلێمانی
تاوەکو ئێستا 300 کەس لە کەرەنتینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانیدا ماون، پارێزگاری سلێمانی دەڵێ، کافتریا و شوێنە گشتییەکان لە ئەمڕۆوە دەتوانن لەژێر چاودێریی وردی تیمە تەندروستییەکاندا بکرێنەوە، بەمەرجێک نێرگەلەیان تێدا نەکێشرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری حەوت سەندیکای پزیشکی و تەندروستی رایگەیاند "لە قۆناخی چاودێریکردنی وردی ڤایرۆسی کۆرۆناداین، قۆناخی زۆر باشمان بڕیوە و ئێستا پێویستمان بە رێنمایی و رێکاری نوێیە، پێویستمان بە چاودێریی وردی ئەو کەسانەیە کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی هێشتا لە کەرەنتینەکان ماون، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، 300 کەس لە کەرەنتینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ماون، کە زۆربەیان ئەو کەسانەن لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش کرد، پێشنیازی کردنەوەی مزگەوتەکانیان داوە بە ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن؛ هاوکات سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەی لە دەستی هاتووە بۆ کەرتی تەندروستی کردوویەتی.
ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون 388 کەسە، کە 336 کەسیان چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.


