رووداو - سلێمانی
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژانەی قەدەخەی هاتووچۆدا 172 شوێن بە داخستن و سزای ماددی سزادراون، بەشێکیشیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "بەکاتی سلێمانی"ی رادیۆی رووداو گوتی "ئێمە لەم دۆخەدا چاودێریی وردی بازاڕ دەکەین، لێپێچینەوەی پێویستیشمان لەگەڵ هەر کەسێک کردووە کە پابەندی رێنماییەکانمان نەبووبێت".
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گوتیشی، لیژنەکانیان لە کاژێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 12:00 شەو لە ئەرکدان و رۆژانە 50 بۆ 60 شوێن بەسەردەکەنەوە.
سۆران عەبدولغەفور ئاماژەی بەوەش کرد، سزا ماددییەکان لە 50 هەزار بۆ یەک ملیۆن دەستپێدەکات، تاوەکو ئێستا دوو شوێن داخراون و 100 شوێنیش سزادراون، هەروەها 70 شوێنیش بەدەر لە رێنماییەکانیان دووکانەکانیان کردووەتەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوە و هاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەکان سنووردار کراوە.


