رووداو -سلێمانی
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا شەش تووشبووی کۆرۆنا دەستگیرکراون کە ئامادەنەبوون بچنە کەرەنتینە. تەندروستیی سلێمانیش دەڵێت: ژمارەیەک تووشبووی کۆرۆنا لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و ئێستا دەسووڕێنەوە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرکەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت و سەردانی بنکە پزیشکییەکان نەکات، دوای چاکبوونەوە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی سزادەدرێت و داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر دەجووڵێنێت.
گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ژمارەیەک هاونیشتمانی تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران گەڕاونەتەوە و ئێستا دەسووڕێنەوە، ئەمانە گەورەترین مەترسین بۆ سەر تەندروستیی گشتی.
یاد نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک هاونیشتمانی تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران گەڕاونەتەوە و ئێستا دەسووڕێنەوە بێ ئەوەی کەس پێیان بزانێت، ئەمانە ئێستا گەورەترین مەترسین، تاکە رێگەش بۆ خۆپاراستن پابەندبوونە بە رێنماییەکانی قەدەخەی هاتووچۆ و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.
یاد نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە چارەسەری جەستەیی بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە نەخۆشخانەکانمان کەسانی پسپۆڕی دەروونی هەن کە بە وردی چاودێریی دۆخی دەروونی کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە دەکەن.
رۆژی دووشەممە 23-03-2020، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نوێترین ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و کە 12 کەسیان لە شاری هەولێر تووشبوون، هەروەها شەوی رابردووش 10 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند کە دووانیان دانیشتووی شاری سلێمانی و حەوتیان لە قەزای دەربەندیخان و یەکێکیان دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە.
تاوەکو ئێستا 76 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەنێویاندا یەک کەس گیانی لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بەتەواوی چاکبووەتەوە. ئەوانی دیکەش بە گوتەی وەزارەتی تەندروستی لەژێر چاودێری پزیشکیدان.


