رووداو دیجیتاڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا روویاندا. ئەندامی لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 32 کەس کوژراون و 110 کەسی دیکەش برینداربوون.
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، تەقینەوەکان لەنێو بازاڕدا بووە و باسی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو کە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیان 17 کەس کوژراون و 28 کەسی برینداربوون. بەڵام دواتر بەرگریی شارستانیی بەغدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند، بەپێی دوایین ئامارەکان کە دەستیان کەوتوون، تاوەکو ئێستا 28 کەس کوژراون و 73 کەسی دیکەش برینداربوون.
تیمی لێکۆڵینەوە و پۆلیسی فیدڕاڵی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. بەگوتەی خەڵکی ناوچەکە کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، "لە دوای تەقینەوەکە، کوژراو و بریندار بە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواستراونەتەوە نەخۆشخانە."
عەبدولخالق تەڵعەت، ئەندامی لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامارەکان هەر ئەوەیە کە دوو کەس خۆیان تەقاندووەتەوە و 27 کەس تاوەکو ئێستا کوژراون. تەقینەوەکانیش لە کاژێر 10:20 خولەک و 10:30 خولەک روویانداوە. شوێنەکەش تەنیا خەڵکی سڤیلی تێدایە و هیچ شوێنێکی سەربازیی یان حیزبی لێ نییە.
ئەندامی لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق ئاماژە بەوەش دەدات، ژمارەی کوژراو و برینداران زیاتر دەبێت و لەبارەی هۆکارەکانی تەقینەوەکەش دەڵێت "ئێستا حکومەتی بەغدا و مستەفا کازمی گرنگی بە لایەنی سەربازیی و ئەمنی دەدات و بەغداش هەنگاوی باشتر بۆ ئارامبوونەوە دەنێت، بۆیە ئەوەی کراوە بۆ تێکچوونی باری ئەمنیی بەغدایە. هەروەها تەقینەوەکەش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری خستووەتە نێو دڵی خەڵک."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، وادەی هەڵبژاردنەکان نزیکبووەتەوە، ئەوەش خاڵێکی دیکەی هۆکارەکەیە بۆ ئەوەی بڵێین ئەو تەقینەوەیە روویداوە. پێشبینیش دەکەین لە رۆژانی داهاتوودا تەقینەوەی زیاتر هەبێت. بەڵام لیژنەیەکی ئەمنیی پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکان.
عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژە بەوەش دەدات، کە بەپێی زانیارییەکانی ئەوان کە بەدەستیان گەیشتووە، هێشتا کەسانی دیکە ماون خۆیان بتەقێننەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، وادەی هەڵبژاردنەکان نزیکبووەتەوە، ئەوەش خاڵێکی دیکەی هۆکارەکەیە بۆ ئەوەی بڵێین ئەو تەقینەوەیە روویداوە. پێشبینیش دەکەین لە رۆژانی داهاتوودا تەقینەوەی زیاتر هەبێت. بەڵام لیژنەیەکی ئەمنیی پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکان.
عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژە بەوەش دەدات، کە بەپێی زانیارییەکانی ئەوان کە بەدەستیان گەیشتووە، هێشتا کەسانی دیکە ماون خۆیان بتەقێننەوە.
ڤیدیۆی یەکێک لە تەقینەوەکانی #بەغدا pic.twitter.com/7P5nHdMkl2
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 21, 2021
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە و پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەگەڵ خەڵک قسەی کردووە، دەردەکەوێت یەکێک لە تەقینەوەکان لەنێو قەرەباڵخییەکی زۆری خەڵکدا روویداوە. مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت "کەسەکە خۆی کردووە بە نەخۆش و دواتر لەسەر زەوی راکشاوە و خەڵکیش دەورەیان لێداوە، دواتر خۆی تەقاندووەتەوە."
بەپێی قسەی پەیامنێری رووداو، شوێنی تەقینەوەکان لەنێو جەرگەی بەغدایە و پۆلیسیش دەڵێت "گومان دەکەین کە بۆمبی دیکەی چێنراو لە شوێنەکە دانرابێت."
هاووڵاتییەک کە زیاتر لە 30 ساڵە لەو گۆڕەپانە کار دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێمە گوێمان لە دەنگی تەقینەوەکە بوو و هەموومان هەڵاتین. دوای تەقینەوەکەش هێزە ئەمنییەکان هاتن و گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
ئەو هاووڵاتییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، ئەو رووداوانە سەرەتای هاتنی داعش و لە سەردەمی داعش روویانداوە. دەشڵێت " تەنیا خەڵکی کاسب لێرەن، هیچ هێزێکی ئەمنی لێ نییە."
ئەو هاووڵاتییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، ئەو رووداوانە سەرەتای هاتنی داعش و لە سەردەمی داعش روویانداوە. دەشڵێت " تەنیا خەڵکی کاسب لێرەن، هیچ هێزێکی ئەمنی لێ نییە."
مستەفا گۆران سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی بەغدا گوتی، ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەبێت ئەو جۆرە رووداوانە لە بەغدا روویاننەداوە. بەڵام ئەوانەی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن بەگوتەی بەرپرسانی ئەمنیی ناوچەکە "شانە نووستووەکان لە عێراق و بەغداش بە تایبەتی."

