رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئاوارەکانی جورف نەسر دەڵێ، دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکە خوازیاری گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەو مەرجەی ناوچەکەیان لە مین و پاشماوەی داعش پاکبکرێتەوە. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت: "پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی جورف نەسر قۆناخ بە قۆناخ دەبێت".
زیاد جەنابی، نوێنەری خەڵکی ئاوارەی جورف نەسر (جورف سەخر)، رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی2026، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو خێزانانەی لە کاتی شەڕی داعشدا باکووری بابلیان جێهێشتووە، بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشبوون؛ بەشێکیان لە باشووری بەغدا (سیدییە و دۆرە)، بەشێکیان لە پارێزگای ئەنبار (کەمپەکان و عامرییەی سموود) و بەشێکی دیکەشیان لە پارێزگای کەرکووکن."
سەبارەت بەو ئاوارانەی روویان لە پارێزگای سلێمانی کردبوو، زیاد جەنابی گوتی: "بەهۆی داخستنی کەمپەکانەوە پەرتەوازە بوون و ژمارەی تەواویان نازانرێت".
بەپێی ئامارەکانی نوێنەری ئاوارەکانی جورف نەسر، دابەشبوونی بەشێک لەو خێزانانە لە پارێزگای کەرکووکن نزیکەی هەزار و 500، کەمپی بزێبز (قەزای عامرییە لە سنووری ئەنبار) دوو هەزار خێزانن.
زیاد جەنابی گوتی: "دۆسیەی جورف نەسر راستەوخۆ پەیوەستە بە حکومەتی فیدراڵییەوە و حکومەتی خۆجێیی بابل بە هیچ شێوەیەک دەستوەردانی تێدا ناکات. هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە هیچ لایەن و کەسایەتییەکی سیاسی نەچنە نێو جورف نەسرەوە."
لەبارەی مەرج و داواکارییەکانیان بۆ گەڕانەوە، نوێنەرەکەی ئاوارەکانی جورف دەڵێت: "خەڵکی رەسەنی ناوچەکە کە ئێستا لە شارەکانی عێراق و باشووری کوردستان ئاوارەن، دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام داوا دەکەن پێش گەڕانەوەیان پشکنین بۆ تەواوی زەوییەکان بکرێت و لە مین و پاشماوەی جەنگ پاکبکرێتەوە.
زیاد جەنابی هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "ئەگەر ناوچەکە پاکنەکرێتەوە و خەڵکەکە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ناکرێت دواتر هێزە ئەمنییەکان بێنە نێو ماڵەکانیان پشکنین بکەن و بوونی پاشماوەی جەنگ بکرێتە تۆمەت لەسەریان."
سەبارەت بە هاوکاری و قەرەبووکردنەوەش، نوێنەری خەڵکی جورف راشیگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ خێزانێکی ئاوارەی ناوچەکە لە هیچ قەرەبووکردنەوەیەکی حکومەت سوودمەند نەبووە".
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی گەڕانەوەکە قۆناخ بە قۆناخ دەبێت و پێویستی بە وردبینیی ئەمنی و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان هەیە."
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران راشیگەیاند: "پاراستنی ناوچەکە و پاککردنەوەی لە پاشماوەکانی جەنگ رەنگە چەند مانگێک بخایەنێت، بۆیە ناتوانرێت هەموو خێزانەکان بە یەکجار و بە خێرایی بگەڕێندرێنەوە."
جورف نەسر (جورف سەخری پێشوو)، دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل و نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغداوە دوورە.
لە ساڵی 2014ـدا کەوتە دەست چەکدارانی داعش، بەڵام لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا لەلایەن هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵکرایەوە.
سەرەڕای کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەستی داعش، ناوچەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی تەواوەتیی گرووپە چەکدارەکان، بە شێوەیەکی سەرەکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵادا مایەوە و رێگە بە گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکە نەدەدرا.
رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی عێراق چوونە نێو قەزاکە و بارەگایەکی نوێی فەرماندەییان تێدا کردەوە.



