رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی کۆبووەوە و زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد، لەنێویاندا گواستنەوەی پۆلێنکردنی پڕۆژەکانی دەروازە سنوورییەکان بۆ سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و دیاریکردنی نرخی فرۆشتنی گەنم بە ئاشە ئەهلییەکان.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، 29یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دراون.
ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا دراون بریتین لە:
دەروازە سنوورییەکان
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی دا لەسەر هەموارکردنەوەی پۆلێنکردنی ئەو پڕۆژانەی لەسەر دەروازە سنوورییەکان دانراون، بە شێوەیەک کە بخرێنە ژێر بڕگەی (پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان).
موەلیدە ئەهلییەکان
بە مەبەستی رێکخستنی کاری موەلیدە ئەهلییەکان، بڕیاردرا بە هێشتنەوەی ئەو بڕە کرێیەی لە رێنماییەکانی دابینکردنی وزەی کارەبادا هاتووە کە 2,500 دینارە بۆ هەر یەک کەی ڤی (1 KV) لە ساڵێکدا؛ ئەو بڕە پارەیە لەلایەن کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەباوە وەردەگیرێت و وەک داهات دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.
فرۆشتنی گەنم بە ئاشە ئەهلییەکان
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی، بەردەوام بێت لە فرۆشتنی گەنمی نێوخۆیی کە بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر تەرخانکراوە بە نرخی 475 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، ئەمەش بۆ ماوەی سێ مانگ لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە.
گەنمی بنەتۆو
بڕیاردرا وەزارەتی بازرگانی تەواوی بڕی گەنمی دەرمانکراوی دەستبەسەرداگیراوی ساڵی 2026 بەبێ بەرامبەری دارایی رادەستی وەزارەتی کشتوکاڵ بکات، تاوەکو دووبارە دەرمان بکرێتەوە، بە رەنگی سوور بۆیە بکرێت بۆ جیاکردنەوەی و بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بە جووتیاران بفرۆشرێتەوە.
هەموارکردنەوەی رسومات
ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەی تایبەت بە هەموارکردنەوەی هەندێک لە رسومات و کرێیەکانی پەسند کرد، بەگوێرەی ئەوەی لە لیژنەی فەرمانی دیوانیی ژمارە 87ی ساڵی 2025دا جێگیر کراوە.
فڕۆکەوانیی مەدەنی
سەبارەت بە رێکخستنی بەرزیی باڵەخانە و بیناکانی نزیک فڕۆکەخانەکان، رەزامەندی درا لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ نووسینگەیەکی راوێژکاریی تایبەتمەند و خاوەن متمانە، بۆ رێکخستنی رێکارەکانی پێدانی مۆڵەت بەو بەرزییانەی رێگەپێدراون لە سنووری فڕۆکەخانەکاندا، بەگوێرەی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی.
دۆسیەی گەڕاوەکان
ئەنجوومەنەکە بڕیاری ژمارە (150ی ساڵی 2026)ی تایبەت بە دابینکردنی بودجە بۆ کارەکانی ئەنجوومەنی راوێژکاریی شارەزایانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای هەموار کردەوە؛ لە دۆسیەی دادگاییکردن، شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی گەڕاوەکان بە هاوکاریی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی جێگەی دەزگای دژەتیرۆر دەگرێتەوە.
ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلە دەستبەسەرداگیراوەکان
رەزامەندی درا لەسەر بەخشینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی شیاوی بەکارهێنانن بە دەستەی گشتیی گومرگ بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (80ی ساڵی 2020) و فرۆشتنی ئەوانەی شیاوی بەکارهێنان نین دوای پشتڕاستکردنەوەیان بەپێی یاسای گومرگ، هەروەها بەخشینی ماتۆڕسکیلە شیاوەکان بە وەزارەتی ناوخۆ و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ماتۆڕسکیلە ناشیاوەکان.
ئامێرەکانی مین پووچەڵکردنەوە
ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر پێدانی ئامێرەکانی پشکنینی مین کە موڵکی وەزارەتی ژینگەن، بە شێوەی خواستن بە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای بودجەی فیدراڵی پەسند دەکرێت.



