رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی هەوڵی دەستگیرکردنی داواکراوێکدا لە سنووری پارێزگای دیالە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کرد؛ بەهۆیەوە سێ منداڵی تۆمەتبارەکە گیانیان لەدەستدا و پێنج ئەندامی دیکەی خێزانەکەشی برینداربوون.
عەقید هەیسەم شەمەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لە ناوچەی (رەقەی حاجی سوهەیل) لە دەوروبەری شاری بەعقووبە روویداوە، دوای ئەوەی تۆمەتبارێک کە بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادان (کوشتنی بەئەنقەست) داواکراو بووە، لە بازگەیەکی ئەمنیدا پابەندی فەرمانی هێزەکان نەبووە و بە ئۆتۆمبێلەکەی هەڵاتووە."
هاوکات فەریق سەعد مەعن لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "هەڵاتنی تۆمەتبارەکە وایکردووە هێزە ئەمنییەکان تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەی بکەن؛ لە ئەنجامدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش لە ئەندامانی خێزانەکەی برینداربوون."
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەکان لە زاری کەسوکاری قوربانییەکانەوە، سەرجەم قوربانییەکان ژن و منداڵ و ئەندامانی خێزانی تۆمەتبارەکەن کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون؛ تاوەکو ئێستاش دۆخی تەندروستیی بریندارەکان بە تەواوی جێگیر نییە.
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکانیش، فەریق سەعد مەعن ئاماژەی بەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە تۆمەتبارە داواکراوەکە دەستگیربکەن؛ لە هەمان کاتدا بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ ئەفسەرێک و 10 کارمەندی ئەو هێزە ئەمنییە دەرچووە کە تەقەکەیان کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە تاوەکو رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.


