رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق هەڕەشە لەو هێزانە دەکات کە دەیانەوێت بچنە ناحیەی جورف سەخر و رایدەگەیێنێت، هاتن بۆ ئەو ناوچەیە "دەبێت بەسەر جەستەی ئێمەدا بێت." هاوکات پەیامێکی توند ئاراستەی بەرپرسانی ناوچەی سەوز و سەرۆکی ئەمریکا دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی ناحیەی جورف سەخر رایگەیاند: "خەڵکی زۆرمان لە جورف نەسر بووەتە قوربانی و هاتن بۆ جورف نەسر دەبێت بەسەر جەستەی ئێمەدا بێت."
گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا ئاماژەی بە قوربانییەکانی گرووپەکەی کرد لەو ناوچەیەدا و گوتی: "ئازایانە لەبەردەم ستەمکارانی رابردوو و ئێستادا وەستاوینەتەوە؛ 200 شەهید و 850 بریندارمان داوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هێرشی کردە سەر لایەنەکانی نێو ناوچەی سەوزی بەغدا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گوتی: "ئەوانەی خەیاڵ لە ناوچەی سەوزدا بڵاودەکەنەوە، بە ترەمپە گەمژە بڵێن ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین."
هاوکات جەعفەر حوسەینی، گوتەبێژی سەربازیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە پەیامێکی جیادا هێرشی کردە سەر بەرپرسانی نێو ناوچەی سەوز و داوای لە چەکدارانی گرووپەکەی کرد چەکەکانیان بپارێزن و گوتی: "ئەوانەی لە ناوچەی سەوزن خەیاڵپڵاوی دەکەن. خوای گەورە نیعمەتێکی زۆر گەورەی پێبەخشیوین و ئەمڕۆ جیهادێک کراوەتەوە، ئەو جیهادە بە توانای خۆتان بقۆزنەوە و چەکەکانتان بپارێزن. زۆر توندوتۆڵ بن بەرامبەر دوژمنان و نەرمونیان بن لەگەڵ یەکدی."


