رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی هۆزەکانی نەجەف سەردانی ناحیەی جورف سەخر (جورف نەسر)ـیان لە باکووری پارێزگای بابل کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، هۆشدارییان دا لە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و بەکارهێنانی دۆسیەی ئەو ناوچەیە وەک کارتێک لە سازشی سیاسییەکاندا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی شێخ و پیاوماقوڵانی هۆزەکانی پارێزگای نەجەف لە ناحیەی جورف سەخر لە باکووری بابل کۆبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندراوێکیان خوێندەوە کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئاراستەی گەلی عێراق و حکومەت کراوە، ئاماژە بەوە کراوە، لە ساڵی 2003ـەوە هەزاران زیارەتکار کە مەبەستیان سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن بووە، لەسەر رێگەکانی دەوروبەری جورف سەخر بوونەتە قوربانیی "تیرۆر، تەقینەوە، رفاندن و کوشتن" و گرووپە چەکدارەکان ناوچەکەیان کردبووە پێگەیەک بۆ بەئامانجگرتنی زیارەتکاران و دانیشتووانی کەربەلا و دەوروبەری.
هۆزەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا هۆشداری دەدەنە حکومەت و دەڵێن: "دوای رزگارکردنی ناوچەکە لەسەر دەستی موجاهیدەکان، ئاسایش گەڕایەوە بۆ رێگەکە و کاروانەکانی زیارەتکاران بە ئارامی هاتووچۆ دەکەن؛ بۆیە هەر جۆرە تێکچوونێک لە ئاسایشی ئەم ناوچەیە، راستەوخۆ کاردەکاتە سەر ئاسایشی مەزارگەی ئیمام حوسێن و زیارەتکارانی، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین."
هۆزەکان لە راگەیێندراوەکەدا هەڵوێستی خۆیان لە چوار خاڵدا کورتکردووەتەوە:
یەکەم: پێزانین و سپڵەیی بەرامبەر قوربانییەکان رەتدەکەینەوە. ئایا ئەمە پاداشتی ئەوانەیە کە گیانی خۆیان بەخت کرد؟ وەفاداری بۆ شەهیدان ئەرکێکە لەسەر شانی هەموومان.
دووەم: باشتر وایە حکومەت بەدواداچوون بۆ دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری بکات، لەبری ئەوەی بچێتە ناو بابەتی ئاڵۆزەوە کە هەڕەشە لەو ئاسایشە دەکەن کە بە خوێن و قوربانییەکی زۆر بەدەستمان هێناوە؛ نامانەوێت بەهۆی کاردانەوەی نەخوازراو یان فەرمانی دەرەکی کە نەخشەی بۆ کێشراوە بۆ وێرانکردنی ئەم وڵاتە، ئەو ئاسایشە لەدەست بدەین.
سێیەم: رەتیدەکەینەوە ئاسایشی رێگای ئیمام حوسێن بکرێتە کارتێک لە سازشه سیاسییەکاندا، یان لە رێککەوتنەکاندا کە خەنجەر و هاوشێوەکانی بسەپێنن، ئەوانەی کە پێیانوایە حوسێن لە دژی ئیمامەکەیان (یەزید) دەرچووە.
چوارەم: هۆشداری دەدەین لە دروستبوونی فیتنە و شەڕ لە نێوان شوێنکەوتووانی ئەهلی بەیت (سەلامی خوایان لێبێت) و جەخت لەسەر یەکڕیزیی عێراقییەکان دەکەینەوە. هەر کەسێکیش دەیەوێت دڵنیایی هەبێت لە گەڕانەوەی دۆخەکە، با بە گەرەنتی بێت نەک بە دروشم.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە کاتی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی لەبارەی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف سەخر رایگەیاند: "بستێک لە خاکی عێراق نامێنێتەوە کە قاچاخچێتی و دزیی تێدا بکرێت، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە."



