کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

ناحیەى جورف سەخر

ناحیەى جورف سەخر

عێراق

دوو لیواى "میانڕۆ" دەچنە جورف سەخر؛ 6000 بەرمیل نەوت لە دوو پاڵاوگە بەرهەمهێندراوە

هەستیار قادر

هەستیار قادر

19-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
هەستیار قادر
هەستیار قادر19-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق: مانگی داهاتوو دەرگای قەرزی نیشتەجێبوون دەکرێتەوە
عێراق19-11-2026

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق: مانگی داهاتوو دەرگای قەرزی نیشتەجێبوون دەکرێتەوە

لە دیالە لەکاتی راوەدوونانی داواکراوێک سێ منداڵ کوژران
عێراق19-11-2026

لە دیالە لەکاتی راوەدوونانی داواکراوێک سێ منداڵ کوژران

دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوت لە عێراق رەوانەى دادگە کرا
عێراق18-11-2026

دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوت لە عێراق رەوانەى دادگە کرا

رووداو دیجیتاڵ


لێکۆڵینەوەکانى حکومەتى عێراق دەریانخستووە دوو پاڵاوگە لە نزیک بۆرییەکانى نەوتى جورف سەخر (جورف نەسر) دانراون، کە رۆژانە شەش هەزار بەرمیل بەرهەمیان بووە، راپۆرتى لیژنەکەى پەرلەمانیش چاوەڕێى کەرکوکوک و نەینەوا و هەرێمى کوردستانە، ئەو دوو لیوایەى حەشدی شەعبی کە جێگەى کەتیبەکانى حیزبوڵڵا لە ناحیەکە دەگرنەوە بە "میانڕۆ" ناسراون و پێشتر ئەرکیان پاراستنى زیارەتکاران بووە.


هەنگاوەکانى حکومەتى عێراق بۆ هەژموونى ئەمنیى جورف سەخر بە ئاڕاستەى دابەشکردنەوەى بەرپرسیارێتى ئەمنى ئەو ناحیەیە، کە 12 ساڵە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا تێیدا باڵادەستن. ئێستا حکومەتی عێراق دەیەوێ ئەو باڵادەستییە بە هێزە ئەمنییەکانی دیکەی وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆ بسپێرێت.


لە 17ى تشرینى دوومەوە بڕیارى دابەشکارى بەرپرسیارێتیى ئەمنى لە جورف سەخر لەلایەن نووسینگەى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان دراوە، بەبێ کەتیبەکانى حیزبوڵڵا، بەڵام ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتى رەوتى حیکمە بە رووداوى گوت: "رۆژێک دیارینەکراوە وەک دوا وادە بۆ ئەوەى جورف سەخر رادەستى هێزە ئەمنییەکانى دیکە بکرێت."


لیژنەکە چاوەڕێی هەرێمی کوردستانە


هەفتەیەکە لیژنەیەکی بەدواداچوونی پەرلەمانی عێراق کار لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت دەکات، بۆ ئەوەی راپۆرتێک لەبارەیەوە بدرێتە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. پێشبینی دەکرێت ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو.


هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا کۆبوونەوەی دیکەمان ماوە، بەدڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو راپۆرتی لیژنەکە پێشکێش دەکرێت".


لە 11ی تشرینی یەکەمەوە کە لیژنەکە پێکهێنراوە، میوانداریی چەند بەرپرسێکی باڵای پەیوەندیدار بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتی کردووە و بۆ ئەو پرسە سەردانی کەرکووکیان کرد.


هەرێم کەمال ئاغا تایگەیاند کە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکەیان چاوەڕێی راپۆرتی کەرکووک و نەینەوا و هەرێمی کوردستان دەکەن.


جگە لە لیژنەکەی پەرلەمان، بەر لەوە حکومەتی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف سەخر پێکهێنا و لە 13ی تشرینی یەکەم سەردانی ئەو ناحیەیەی سنووری پارێزگای بابلی کرد.


پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2026، میدیای فەرمیی عێراق بەشێک لە زانیاریی راپۆرتی لیژنەکەی حکومەتی بڵاوکردەوە.


بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، دوو پاڵاوگە کە سێ کیلۆمەتر و نیو بۆ پێنج کیلۆمەتر لە نزیک بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت هەبوون، کە خەمڵاندنی بەرهەمهێنانی رۆژانەى یەکێکیان چوار هەزار بەرمیل و ئەوی دیکەیان دوو هەزار بەرمیل بووە.


حەشدى شەعبی دوو لیوای "میانڕۆ" دەنێرێت


بەگوێرەی گۆڕانکاریی بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە ناحیەی جورف سەخر، کە نووسینگەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە 17ی تشرینی دووەم دەریکردووە، هەردوو لیوای 72 و 79ـی حەشدی شەعبی بەرپرسیارێتیی ئەمنییان لە ناحیەکە پێ دەدرێت.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی دەستی کەوتووە، ئەو دوو لیوایە پێشتر زیاتر ئەرکی پاراستنی زیارەتکارانی بۆنە ئاینییەکانی شیعەیان پێ سپێردراوە.


دوو لیواکە بەرپرسیارێتیی ئەمنیی رێگەی مسەیب - فازیلییە لە رۆژهەڵاتەوە دەگرنە دەست تاوەکو سنووری دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەربەلا.


لیوای 79ـی حەشدی شەعبی ئەم ساڵ لە فەوجەوە کراوەتە لیوا کە بە فەوجی باشووری بەغدا ناسرابوو، ئەرکی ئەو هێزە پاراستنی باشووری بەغدا و رێگەی زیارەتکاران بووە بەرەو کەربەلا.


تەیف محیاوی، فەرماندەی لیوای 79ـی حەشدی شەعبییە، یەکێک لە بەرپرسانی حەشدی شەعبی بە رووداوی گوت: "ئەو هێزە بە فەرمی سەر بە هیچ گرووپێکی چەکدار نییە، بەڵام نزیکە لە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە".


لیوای 72ـی حەشدی شەعبی کە بە لیوای عاشوورا ناسراوە، ئەرکی پێشوویان پاراستنی دەوروبەری پارێزگای کەربەلا بووە. ئەو لیوایە سەر بە خانەوادەیەکی شاری بەسرەیە کە بە داوود عاشوور ناسراون و بە سەرپەرشتیی حوسێنییەی کەربەلا دروست کراوە.


دوو بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی بە رووداویان گوت: "ئەو دوو لیوایەی کە بەرپرسیارێتیی نوێیان پێ سپێردراوە، بە میانڕەوی ناسراون".


بڕیارە دوو لیواکەی حەشدی شەعبی لە جیاتی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناحیەی جورف سەخر بگرنە دەست.


290 کیلۆمەتر زەوی بەیار بوون


بە یەکلاکردنەوەی پرسی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناحیەی جورفولسەخر، دۆسیەیەکی دیکەش یەکلا دەبێتەوە کە 12 ساڵە چارەسەر نەکراوە، ئەویش گەڕانەوەی ئاوارە سوننەکانی ناحیەکەیە.


ئەیاد جەنابی، نوێنەری ئاوارەکانی جورف سەخر بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 140 هەزار دانیشتووی جورف سەخر لە ساڵی 2014ەوە ئاوارە بوون و نەگەڕانەوەیان پەیوەندیدارە بەو هێزەی لەو ناحیەیە باڵادەست بووە.


ساڵی 2014 بۆ ماوەی پێنج مانگ رێکخراوی داعش جورف سەخری کۆنترۆڵ کرد و دواتر هێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی ناحیەکەیان گرتەوە؛ دوای ئەو رووداوە زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە ناچاری ئاوارە بوون.


ئەیاد جەنابی دەڵیت، ئێستا سێ هەزار خێزانی جورف سەخر لە کەمپی بزێبزن لە ئەنبار و نزیکەی 1500 خێزانی دیکەشیان لە کەرکووکن و لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق لیژنەیەک بۆ گەڕانەوەیان پێکهێنرا، بەڵام بە گوتەی ئەو، نەتوانرا گەڕانەوەیان یەکلا بکرێتەوە.


تێپەڕینی رووباری فورات بە نزیک ناحیەی جورف سەخر، وایکردووە ببێتە شوێنێکی کشتوکاڵی، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناحیەکەوە بێ چاندن بووە.


بە گوتەی نوێنەری ئاوارەکانی جورف سەخر، رووبەری 290 کیلۆمەتر زەویی کشتوکاڵی لە ناحیەکە بەیارە و نەچێنراوە و بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێنراون، زۆرینەیان گرێبەستەکانیان کۆتایی هاتووە و خاوەنەکانیان بەهۆی ئەوەی ئاوارەن نەیانتوانیوە نوێی بکەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق: مانگی داهاتوو دەرگای قەرزی نیشتەجێبوون دەکرێتەوە
عێراق19-11-2026

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق: مانگی داهاتوو دەرگای قەرزی نیشتەجێبوون دەکرێتەوە

لە دیالە لەکاتی راوەدوونانی داواکراوێک سێ منداڵ کوژران
عێراق19-11-2026

لە دیالە لەکاتی راوەدوونانی داواکراوێک سێ منداڵ کوژران

دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوت لە عێراق رەوانەى دادگە کرا
عێراق18-11-2026

دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوت لە عێراق رەوانەى دادگە کرا

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە