رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، کۆمەڵێک بڕیاری بۆ تووندکردنی چاودێریی ئەمنی، بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و بە ئەلیکترۆنیکردنی وەرگرتنی باج پەسند کرد؛ ئامانج لێی رێگریکردنە لە قاچاخچێتی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (29ی تشرینی یەکەمی 2026)، بە رووداوی راگەیاند: "لە دەیەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی دەروازە سنوورییەکان، بە سەرپەرشتیی عومەر عەدنان وائیلی، چوار بڕیاری سەرەکی دران".
بڕیاردرا بە پاڵپشتیکردنی تەواوی بەشەکانی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لە نێو دەروازەکاندا، هەروەها هاوئاهەنگی و گۆڕینەوەی زانیاریی نێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان زیاد دەکرێت بۆ رێگری لە هێنانی مادە قەدەخەکراوەکان.
ئەنجوومەنی دەروازە سنوورییەکان، وەزارەتی گواستنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی فڕۆکەخانەکانی عێراقی پابەند کرد، کە تەواوی پێداویستییەکانی سەلامەتی و ئاسایش بەپێی ئەو پرۆتۆکۆڵانەی وەزارەتی ناوخۆ پەسندی کردوون، دابین بکەن.
هەروەها بۆ ریگری لە گەندەڵی و خێراکردنی کارەکان، بڕیاردرا وەرگرتنی باجی دارایی لە دەروازەکان بکرێتە ئەلیکترۆنی. ئەمەش دەرفەت دەداتە کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی تایبەت کە کارەکانی بە دیجیتاڵی ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی زیادە لە هاووڵاتییان وەربگیرێت.
بە گوتەی عەلائەدین قەیسی، لیژنەیەکی باڵاش پێکهێنرا بۆ هەڵسەنگاندنی توانای گۆڕەپانی پێشوازی (ساحە ترحیب)ی گەورە لە بەندەری ئوم قەسر، مەبەست لێی ئامادەکارییە بۆ تێکەڵکردنی بنکەی گومرگی (ئوم قەسری نێوەڕاست) بەم گۆڕەپانە.
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند: "دەبێت ئەم بڕیارانە بە خێرایی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە یارییکردنێک بە داهاتی دەوڵەت و قاچاخچێتی بگیرێت".


