رووداو ديجيتاڵ
پەرلەمانی عێراق تاوتوێی کێشەی سێ هەزار زەوی لە نەینەوا دەکات، کە لە ناوچەی کوردی شەبەکە. پەرلەمانتارێکی بازنەی پارێزگاکەش دەڵێت: "بڕیارێکی یەکلاکەرەوە" لە بارەی زەوییەکان دەدرێت.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەکەم، یەکێک لەو پرسانەی تاوتوێدەکرێت راپۆرتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانە لەبارەی هۆکارەکانی رێگری لە پێدانی زەوی لە پارێزگای نەینەوا.
خالید سیدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو زەوییانە لەو ناوچەیەن، کە زۆرینە شەبەکن. رێگری لە دابەشکردنیان بەپاساوی ئەوەیە کە ئەو هەنگاوە کاریگەری لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێت."
زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەویی ناوچەی جەلەوخان و قەزە فەخرەن لە سنووری قەزای حەمدانییە لە نەینەوا کێشەیان لەسەرە کە بەر لە 2003 بەسەر هاووڵاتیانی پێکهاتەی عەرەبدا دابەشکرابوون و خاوەنەکانیان تاپۆی فەرمییان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو ناوچانە دەکەونە سنووری مادەی 140 رێگەیان پێنەدەدرا بەکاری بهێنن، تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 30ی حوزەیران بڕیاری دا رێکارەکانی بەناوکردنی ئەو زەوییانە تەواو بکرێن.
خالید سیدۆ دەڵێت، بڕیارە لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتەی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە ئامادەی کردووە پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی چارەنووسی ئەو زەوییانە بدات.
لە 8ی ئەیلوول، دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی نوێنەری شەبەکی لەدژی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رەتکردەوە بە پاساوی ئەوەی لە پسپۆرى دادگەکەدا نییە.



