رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات، بڕیاری دا بەشدارى لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق هەڵپەسێرێت بە پاساوى هەڵسوکەوتی "نابەرپرسانە" گوایە لەلایەن هەندێک پەرلەمانتارەوە لە دژیان کراوە.
رۆژی دوشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، ئەو فراکسیۆنە لە راگەیێندراوێکدا بڕیارى هەڵپەساردنى بەشدارى لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێنراوی فراکسیۆنەکە، هەندێک لە پەرلەمانتاران هەڵسوکەوتی "نابەرپرسانەیان" هەبووە، کە دەرچوونە لە کاری پەرلەمانی و چوارچێوەکانی رکابەرى سیاسی، وەک بەشێک لە هەڵمەتی تۆمەت دروستکردن لە دژى فراکسیۆنەکە و سەرکردەکانیان.
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت: "لە رابردوودا خۆمان لە وەڵامدانەوە لادا و زمانی دیالۆگمان بەکارهێنا، لە هەمان کاتیشدا یاداشتێکی فەرمیمان دایە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی یەکێک لە پەرلەمانتاران رەوانەی لیژنەی رەفتاری پەرلەمانی بکات، بەڵام هیچ رێکارێکی کرداری لەبارەیەوە نەگیراوەتەبەر و ئەوەش هانى ئەو پەرلەمانتارەی داوە کە بەردەوام بێت لە بێڕێزییەکانی."
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە فراکسیۆنەکە، کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کاردانەوەیە زیاتر پەیوەندیی بە لێدوانی یەکێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنێکی شیعە هەیە لە دژی حکومەتی پێشوو، کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆکایەتیی دەکرد."
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان داوای لە پەرلەمان کردووە کە کات و توانای خۆی بۆ خزمەتى گەل تەرخان بکات، لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەى رووبەڕووی وڵات دەبنەوە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە بری ئەو شەڕە قسانەی کە هەڕەشە لە سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن.
بەگوێرەی پۆلێنی ماڵپەڕی پەرلەمانی عێراق، هێشتا فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان خاوەنی 47 کورسییە، بەڵام سەرچاوەکەى رووداو لەو فراکسیۆنە گوتى :"ئێستا 37 پەرلەمانتارمان هەیە."




