رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای پێدانی مۆڵەتی درێژخایەنی بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی پەسندکرد؛ بەپێی یاساکە، فەرمانبەر دەتوانێت بۆ ماوەی 5 ساڵ بە مووچەی تەواوی بنەڕەتی مۆڵەت وەربگرێت و دواتریش بۆ 5 ساڵی دیکە نوێی بکاتەوە، بەڵام یاساکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پڕۆژەیاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژخایەن بە فەرمانبەرانی دەوڵەتی پەسند کرد
جووتیار خدر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بڕگەکانی یاساکە، ئەو فەرمانبەرەی داوای مۆڵەتەکە دەکات، پێویستە لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی کردەیی لە کەرتی گشتیدا هەبێت. لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی یەکەمدا، فەرمانبەر 100%ـی مووچەی بنەڕەتی (تەنیا بە لێبڕینی بەشە خانەنشینی) وەردەگرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە ناوەڕۆکی بەشێکی دیکەی یاساکە کرد و گوتی: "لە کاتی مۆڵەتەکەدا، فەرمانبەر مافی ئەوەی هەیە لە کەرتی تایبەتدا کار بکات. دوای تێپەڕبوونی نیوەی ماوەی مۆڵەتەکەی، فەرمانبەر دەتوانێت مۆڵەتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، یاساکە رێگەی بە فەرمانبەر داوە دوای تەواوبوونی پێنج ساڵی یەکەم، مۆڵەتەکە بۆ پێنج ساڵی دیکەش درێژ بکاتەوە، بەڵام بۆ جاری دووەم تەنیا 50%ـی مووچەی بنەڕەتی (بە لێبڕینی خانەنشینییەوە) وەردەگرێت.
سەبارەت بە مافە کارگێڕییەکان جووتیار خدر گوتی: "تەواوی ماوەی ئەو مۆڵەتە وەک خزمەت بۆ خانەنشینی هەژمار دەکرێت، بەڵام بۆ مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی ئەژمار ناکرێت."
بەپێی دوایین رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیران، لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەر تەنیا بۆی هەیە دوو ساڵ مۆڵەت بکات، بەڵام بەبێ مووچە. جووتیار خدر، کە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دەڵێت: "یاساکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان پەرلەمان و یاسا و رێنمایی تایبەتی خۆی هەیە، هەر بڕیارێکی لەم شێوەیە دەبێت لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بدرێت".



