رووداو ديجيتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارێکی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد بۆ جاری دووەم کارتی بایۆمەتریی دەنگدان ون دەکەن، پێویستی بە رێکاری پۆلیس و دادگە دەبێ.
ئەو بڕیارە نوێیە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە پەسەند کراوە، لەسەر بنەمای راسپاردەیەک بۆیان بەرزکرابووەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، هەر دەنگدەرێک بۆ جاری دووەم کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی ون کرد، ناچار دەکرێت لە بنکەیەکی پۆلیس رێکارە یاساییەکان بگرێتەبەر بە پشتبەستن بە بڕیارێکی دادگەی تایبەتمەند و پێویستە بنکەی پۆلیس کۆنووسی لەدەستدانی کارتی دەنگدانەکە پەسەند بکات و ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بکات.
لە بڕیارە نوێیەکەدا هاتووە دەبێت ئەو دەنگدەرەی بۆ دووەمجار کارتەکەی ون کردووە، بەڵێننامەیەک واژۆ بکات و پەنجەمۆری لێ وەربگیرێت و سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکان بنێردرێنەوە بۆ کۆمیسیۆن.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە 21-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"رێکارەکانی لەدەستدانی کارتی دەنگدان بۆ جاری یەکەم ئاسانترە و تەنیا سەردانی بنکەی تۆماری بایۆمەتری بکرێت، کارتێکی نوێی بۆ دەردەهێنرێت، بەڵام ئەگەر بۆ جاری دووەم کارتی دەنگدانەکە ون بکرێت، رێکارەکەی تووندتر دەبێتەوە.
کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 2018ـەوە کاری پێ دەکرێت و لە ساڵی 2023ـەوە وەک تەنیا بەڵگەنامەی دەنگدان بەکاردەهێنرێت.
زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەری عێراق کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، لە کۆی زیاتر لە 30 ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە.



