رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف بە زۆرینەی دەنگ پێشنیازی بەپارێزگابوونی "کوفە"ی لە چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی ئێستایدا پەسند کرد؛ سەرۆکی ئەنجوومەنەکەش رایدەگەیێنێت بڕیارەکە پێویستی بە رەزامەندیی حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەبێت.
رۆژی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف، دەنگ لەسەر پێشنیازی د. حوسێن عیساوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە درا بە مەبەستی بەپارێزگابوونی کوفە.
د. حوسێن عیساوی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداو، گوت، "لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەن، 12 ئەندام ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و سەرجەمیان بە تێکڕای دەنگ پێشنیازەکەیان پەسند کرد."
سەبارەت بە بنەمای یاسایی بڕیارەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف بە رووداوی راگەیاند، "پشتیوانیی یاساییمان یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێم ژمارە 21ی ساڵی 2008ـە، جگە لە نووسراوێکی وەزارەتی پلاندانان کە مەرجەکانی بەپارێزگابوونی دیاری کردووە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەنگاوی یەکەم دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگا بوو، لەدوای ئەوەش رێکارە کارگێڕی و تەکنیکییەکان لەسەر ئاستی پارێزگا و حکومەتی فیدراڵ تەواو دەکرێن، هاوشێوەی ئەو رێکارانەی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گیرانەبەر، بڕیارەکە پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراقیش دەبێت.
لەبارەی سنووری کارگێڕییەوە عیساوی روونیکردەوە، سنووری کارگێڕیی نێوان نەجەف و کوفە لە بنەڕەتدا دیاریکراوە و بوونی هەیە؛ بەپێی پێشنیازەکە، پارێزگا نوێیەکە هەردوو ناحیەی عەباسییە و حوڕییە لەخۆدەگرێت کە پێشتر دەنگ لەسەر بەقەزابوونیان دراوە، هاوکات هەردوو ناحیەی تاجییە و براکییەش دەگرێتەوە کە کارکردن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانیان بەردەوامە.




