رووداو دیجیتاڵ
ناسنامەی 47 رووفاتی گۆڕێکی بەکۆمەڵی باشوورى موسڵ ئاشکرا بوون، کە زۆربەیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و مامۆستای ئایینی بوون و بەدەستى داعش کوژراون.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ناسنامەی ئەو رووفاتانە لە رێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە یەکلایی کراونەتەوە، کە زۆربەیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و مامۆستای ئایینی بوون.
رووداو ناسنامەی ئەو 47 رووفاتەی دەستکەوتووە کە 44ـیان سەر بە هۆزی جبوورن و زۆرینەیان خەڵکی گوندەکانی سەلاحییە، ئەمنیرە، ئاسفیە، رەسیف، نەعناعە، نەسر و ئەرفیلیەن و لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی ناوچەی حەمام عەلیل-دا بوون.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، سەرجەم ئەو رووفاتانە عەرەبن و لە سەرەتای هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ گوللەباران کراون و خراونەتە گۆڕی بەکۆمەڵەوە.
ساڵی 2014 بۆ 2017 شاری موسڵ بەدەستی چەکدارانی رێکخراوی داعشەوە بوو، لەو ماوەیەدا چەندین کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی سڤیل بەدەستی چەکدارانی رێکخراوەکە کوژران.




