رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاکانی نەوت و گازی باکوور و کۆمپانیای بی پی بەریتانی، دەستەیەکی هاوبەشیان بۆ پەرەپێدان و بەڕوەبردنى چوار کێڵگەی نەوت لە پارێزگای کەرکووک پێکهێنا، کە ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتە بۆ زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 15ی تشرینی یەکەمەوە هەردوو کۆمپانیای نەوتی باکوور و گازی باکوور چوونە نێو دەستەی بەگەڕخستنی هاوبەش بۆ چوار کێڵگەی نەوت لە کەرکووک، لە کاتێکدا پێشتر هەردوو کۆمپانیاکە رۆڵێکی دیاریکراویان لەو کێڵگانەدا هەبوو.
ئەم یەکخستنە و بەشداریی هەردوو کۆمپانیاکە لە دەستەی بەگەڕخستنی کێڵگەکانی کەرکووک، بای حەسەن، خەباز و جەمبوور، لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەدایە کە وەزارەتی نەوت بۆ پەرەپێدانی ئەو کێڵگانە لەگەڵ کۆمپانیای بی پی کردوویەتی.
سەلیم رووکابی رایگەیاند،دوای ئەو گرێبەستە و بەمەبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەکە، ئەو دەستەی بەگەڕخستنە هاوبەشە لەنێوان هەردوو لایەنی عێراقی و کۆمپانیا بەریتانییەکە پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنی کێڵگەکان و پەرەپێدانیان بگرنە ئەستۆ.
رۆژی 1ی ئابی 2024 یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی گشتگیر لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بی پى وژاۆ کرا، بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک.
گرێبەستەکە بۆ 16 ساڵە، بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێندرێتە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئێستا نزیکەی 308 هەزار بەرمیلە، هەروەها وەبەرهێنانی گازی هاوەڵی کێڵگەکان، بە بڕی 400 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا.
باسم عەبادی، وەزیری وەزارەتی نەوت، لە کاتی بڕیاری پێکهێنانی ئەو دەستەی بەگەڕخستنە رایگەیاند، گرێبەستەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای بی پی گرنگە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێننە 450 هەزار بەرمیلی رۆژانە و 500 ملیۆن پێی سێجای رۆژانەش گاز بەرهەمبهێنن.


