رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک نرخی دەرهێنانی پاسپۆرتی عێراقی زیاد ناکرێت و تێچووەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە و ئەمە فەرمانی سەرۆکوەزیرانە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: "لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تێچووی پاسپۆرت وەک خۆی دەهێڵدرێتەوە".
حوسێن عەوادی، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "دەرهێنانی پاسپۆرت بە بڕی 91 هەزار دینار بەردەوام دەبێت و هیچ بڕە پارەیەکی زیادە بۆ ئەم مەبەستە لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت".
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی گرانبوونی پسوولەی مامەڵەکان لە ناوەندەکانی دەرهێنانی پاسپۆرت بڵاوبووبووەوە.
عێراق لە ساڵی 2025ەوە، دەستی کردووە بە کارکردن بە سیستمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی (Smart Passport)، کە سیستمێکی پێشکەوتووی جیهانییە و تێچووی دەرهێنانی بە 91 هەزار دینار دیاریکراوە.
ئەم پاسپۆرتە پشت بە کارتی نیشتمانی، کارتی نیشتەجێبوون(زانیاری) دەبەستێت.
هەروەها پشت بە سیستمی بایۆمەتری دەبەستێت، کە بریتییە لە ناسینەوەی دەموچاو، ناسینەوەی پەنجەمۆر و ناسینەوەی گلێنەی چاو.
ئەم تایبەتمەندییانە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانی (ICAO) و ستانداردی (ISO/IEC 14443) داڕێژراون، تاوەکو پاسپۆرتەکە لە هەموو فڕۆکەخانەکانی جیهاندا بەبێ کێشە بخوێندرێتەوە.
بەکارهێنانی پاسپۆرتی بایۆمەتری لە جیهاندا لە ساڵی 1998 لە وڵاتی مالیزیاوە دەستیپێکرد، تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2019، زیاتر لە 150 وڵاتی جیهان ئەم سیستمەیان پەیڕەو کردووە.

