رووداو دیجیتاڵ بنمیچى سەموونخانەیەک لە پارێزگای واست رووخا و بەهۆیەوە گەنجێکی 18 ساڵان گیانی لەدەستدا کە لەو سەموونخانەیە کاری دەکرد، زیاتر لە شەش کەسی دیکەش بریندار بوون. هەینیی 9ی تشرینی یەکەمی 2026، نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: شەوی رابردوو لە ناوچەی داموک لە شاری کووت ( ناوەندی پارێزگای واست)، بنمیچى سەموونخانەیەک رووخاوە و بەهۆیەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا کە لەدایکبووی ساڵی 2008 بووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمەکەیان دەرهێناوەتەوە. لەو رووداوەدا کارمەندێکی دیکەی ئەو سەموونخانەیە و پێنج کەسی دیکە کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بوون، بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون. نەواس سەباح شاکر رایگەیاند: لەدوای چوونی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ شوێنی رووداوەکە، بە ئامێری تایبەت داروپەردووی بنمیچە رووخاوەکەیان لابردووە بۆ ئەوەی تەرمی گەنجەکە دەربهێننەوە کە بەهۆى کۆنى بیناکەوە ینمیچەکەى رووخاوە .