رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەری دەزگەی زیندانییانی سیاسیی نەینەوا و فەرمانبەرێکی پەروەردەی هەمان پارێزگایان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکردووە؛ تۆمەتبارەکان پارەیان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە بەرامبەر دامەزراندن و خەرجکردنی شایستە داراییەکان.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادگەی لێکۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە دۆسیەکانی ئاسایشی نیشتمانی، رۆژی پێنجشەممە (8ی تشرینی یەکەمی 2026) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو دوو کەسە دەرکردووە.
بەڕێوەبەری دەزگەی زیندانییانی سیاسی لە نەینەوا، لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکراوە، کە بەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان لێی سەندوون، ئەوەش لەسەر بنەمای چەندین بریکارنامەی ساختە.
هاوکات فەرمانبەرەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەینەوا لە کاتی وەرگرتنی پارەدا گیراوە، ئەو تۆمەتبارە بەرتیلی لە خەڵک وەرگرتووە تاوەکو بە گرێبەست لە پەروەردەی پارێزگاکە دایانبمەزرێنێت.
دادگەی لێكۆڵینەوەی نەینەوا راشیگەیاند: "گوتەی هەردوو تۆمەتبارەکە تۆمار کراوە و بەپێی بڕگەی دووەمی بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983) راگیراون تاوەکو رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر تەواو دەکرێت".
یاساکە چی دەڵێت؟ سزای وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن فەرمانبەرانەوە دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەرێک یان کەسێک کە ئەرکێکی گشتیی پێسپێردراوە، بەرتیل وەربگرێت یان داوای بکات، رووبەڕووی سزای قورسی زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی دەبێتەوە؛ سزا گەورەکەش لە کاتی جەنگدا دەبێتە زیندانی هەتاهەتایی.
بەپێی بڕگەی دووەمی یاساکە، هەر مووچەخۆرێکی دەوڵەت یان هەر کەسێک کە خزمەتێکی گشتی ئەنجام دەدات، ئەگەر بۆ خۆی یان بۆ کەسێکی دیکە داوای (دیاری، سوود، یان تایبەتمەندی) بکات یان وەریبگرێت، یان تەنیا بەڵێنی وەرگرتنی پێدرابێت، بۆ ئەوەی کارێکی فەرمیی خۆی ئەنجام بدات یان لە کارەکەی پاشەکشە بکات، بەم شێوەیە سزا دەدرێت:
بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە 10 ساڵ تێپەڕ نەکات و پێبژاردنی بڕێک پارە.
بە گوێرەی یاساکە، ئەگەر ئەم تاوانی بەرتیل وەرگرتنە لە کاتی جەنگدا رووبدات، ئەوا سزاكە تووندتر دەبێت و دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی هەموو موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی تۆمەتبارەکە.



