رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەکانى نێوان شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی عێراق لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى 2027، "ئەرێنى بوون"، بەگوتەى ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق بەڵێنى پێداچوونەوە بە پشکى هەرێمى کوردستان دراوە.
شاندەکە رۆژى 7ى تشرینى یەکەمى 2026 لەگەڵ فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى دیکەشیان لەگەڵدا بکەن، بۆ تاوتوێکردنى ئەو تێبینییانەى لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان هەیانە.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆبوونەوەکان لەبارەى داواکارییەکانى هەرێمى کوردستانەوە ئەرێنى بوون، لەوانەى پەیوەندیدارن بە پشکەکەى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2027.
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2027 لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمەوە رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کراوە بۆ پەسندکردنى.
تێبینى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر پشکەکەیەتی، کە تێیدا رێژەى 12.7% دیاریکراوە، بڕى پارەکەى بۆ 13 تریلیۆن دینار کەم کراوەتەوە و چەند مادەیەکى یاسایى پێشووى بودجە لەبارەى هەرێمى کوردستان وەک خۆى دانراونەتەوە.
زیرەک زێبارى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: وەزیرى دارایی عێراق بەڵێنى داوە بە پشکی هەرێمى کوردستان بچێتەوە لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، کە پەیوەندیدارە بە رێژەى 12.7% و رادەستکردنى نەوت و داهاتى نانەوتى.




