رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق کۆی خەرجییەکانی حەوت مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و بڕی کورتهێنان گەیشتووەتە سەروو 29 تریلیۆن دینار. لەو ماوەیەدا کۆی خەرجییەکان 68 تریلیۆن دینار و کۆی داهاتەکان 39 تریلیۆن دینار بووە.
بەپێی راپۆرتەکە خەرجی مووچەی فەرمانبەران تاوەکو کۆتایی تەممووزی 2026 گەیشتووەتە 35.85 تریلیۆن دینار، کە 5.37 تریلیۆن دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە. کۆی ئەو بڕەی دیکەی وەک مووچەی خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی بووە کە 15.98 تریلیۆن دینار بووە، کە 1.95 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بووە. ئەو بڕەیشی وەک شاندن، مینحە و هاوکاری دابەش کراوە 5.95 تریلیۆن دینار بووە، واتە لە 7 مانگدا عێراق بۆ مووچە بە هەرێمی کوردستانەوە پێویستی بە 57.8 تریلیۆن دینارە.
لەهەمان کاتدا، کۆی خەرجییەکانی عێراق بەراورد بە حەوت مانگی ساڵی رابردوو 9 تریلیۆن دینار کەمیکردووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2025دا کۆی خەرجییەکان 77.33 تریلیۆن دینار بووە، لەم ساڵدا بووەتە 68.26 تریلیۆن دینار. هەموو ئەو کەمکردنەوەی خەرجیانەش لە وەبەرهێنان بووە نەوەک بەکارخستن.
لەڕووی داهاتەوە، بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی داهات 39.09 تریلیۆن دینار بووە، کە 30.35 تریلیۆن دینار لە داهاتی نەوتی و 8.73 تریلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی بووە، واتە رێژەی داهاتی نەوتی 78% و نانەوتی 22% بووە. کۆی داهاتی عێراق لەم ساڵدا 33 تریلیۆن دینار یان رێژەی 54% کەمیکردووە، چونکە لە حەوت مانگی سەرەتای 2025دا کۆی داهات 72 تریلیۆن دینار بووە، کە 64.95 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و 7.07 تریلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی بووە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بڕی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت مانگی ئەم ساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو بە 254 ملیار دینار زیادیکردووە و بۆ 693 ملیار دینار بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2025دا کۆی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان 439 ملیار دینار بووە. ئەم ساڵ داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 7.9% بەشداری لە کۆی داهاتی نانەوتی عێراقی کردووە.


